رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی گرووپی عەمشات، لە ناحیەی مەعبەتلی لە سنووری عەفرین دوو هاونیشتمانی دەڕفێنن و دوو ئۆتۆمبێلیش دەبەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرچاوەیەک لە عەفرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو گرووپە چەکدارە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی کاخرە لە ناحیەی مەعبەتلیی سنووری عەفرین و دوو هاونیشتمانییان بە ناوەکانی مەسعود محەممەد عەبدوڵڵا و شیار جەمیل شێخۆ دەستگیرکردووە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانییەکیان بە ناوی جەمیل عیسەوی و تراکتۆری هاونیشتمانییەکی دیکەیان بەناوی حەمید حەمرەش بردووە.
لەبارەی هۆکارەکەش، ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ئەو هاونیشتمانییانە سەرانەیان نەداوە بە گرووپە چەکدارەکە."
کاخرە گوندێکی سەر بە ناحیەی مەعبەتلی (موباتا)یە لە سنووری عەفرین.
ئازاد عوسمان، ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین رۆژی 24-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشێک لەو کوردانەی گەڕاونەتەوە داوای پارەیان لێکراوە لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، بەتایبەت گرووپی عەمشات کە 64 گوندی سنووری عەفرین لەژێر دەسەڵاتی ئەواندایە".
بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان لە سووریا (ئەنەکەسە)، هەر خێزانێکی کورد بگەڕێتەوە ناوچەکەی خۆی کە لە ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی عەمشات بێت، دەبێت لە 500 بۆ هەزار و 500 دۆلاریان وەکو باج پێ بدات.
گرووپی سووڵتان سڵێمان شا ئەو چەکدارانەن کە بە چەکدارانی عەمشات ناسراون و ئێستا گەمارۆی گوندەکەی سنووری عەفرینیان لە رۆژئاوای کوردستان داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ