رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ دۆخی بەنداوی بۆکان بەراورد بە پار باش نییە؛ بە گوتەی بەرپرسانی خۆجێیی، بڕی ئاوی گلدراوە لە بەنداوەکە سێ ملیۆن مەتر سێجا کەمی کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەباس عەباسی، بەڕێوەبەری ئاوی بۆکان لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی لە وەرزی پاییزی ئەم ساڵدا بڕێکی کەم بەفر و باران لە سنوورەکە باریون، قەبارەی ئاوی گلدراوە لە بەنداوی بۆکان بە بەراورد بە ساڵی پار کەمی کردووە".
عەباسی گوتی، "بەنداوی بۆکان پڕئاوترین بەنداوی پارێزگاکەیە و ئێستا ئاستی ئاوەکەی گەیشتووەتە هەزار و 400 مەتر کە پار هەزار و 403 مەتر و 18 سانتیمەتر بووە".
عەباسی ئاماژی بەوەشکرد، بەپێی راپۆرتە کەشناسییەکان، لە مانگی داهاتوو پێشبینی بارانبارینی باش دەکرێت کە ئەگەری زۆرە لە چەند مانگی داهاتوودا قەبارەی گلدانەوەی بەنداوەکە زیاد بکات.
لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان 16 بەنداوی گەورە، مامناوەند و بچووک هەن، کە توانای گلدانەوەی 2.5 ملیار مەتری سێجا ئاویان هەیە؛ بەنداوی بۆکان یەکێک لەو بەنداوانەیە کە دەکەوێتە 25 کیلۆمەتریی باشووری رۆژهەڵاتی بۆکان و توانای لەخۆگرتنی 800 ملیۆن پێ سێجا ئاوی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ