رووداو دیجیتاڵ
کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی ئەمڕۆ پێنجشەممە داوای لە ئێران کرد، "دووبەرەکی" لە سووریا نەنێتەوە.
بە رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ی ئەم مانگە، ئێران هاوپەیمانێکی نزیکی لە ناوچەکەدا لەدەستدا، لە کاتێکدا کە حیزبوڵڵای لوبنانیش لە لایەن ئیسرائیلەوە لاوازکراوە.
کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کە دوای یەک دەیە لە پەراوێزخستن، پار دووبارە حکومەتی ئەسەدی وەک ئەندامێک وەرگرتەوە، ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا جەخت لە گرنگیی "رێزگرتن لە سەروەری، یەکپارچەیی خاک و سەقامگیریی سووریا و سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، هەڵوەشاندنەوەی هەموو گرووپە چەکدارەکان و رەتکردنەوەی هەموو دەستوەردانێکی ناسەقامگیرکەری دەرەکی" دەکاتەوە.
دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا رۆژی پێنجشەممە، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان کرد بۆ سەر رۆژئاوای وڵاتەکە کە بە مەڵبەندی جەماوەریی ئەسەد دادەنرێت، ئەوەش دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادانی خوێناوی لە نێوان چەکدارانی حکومەتی نوێ و حکومەتی پێشوو دروستبوو.
کۆمکاری عەرەبی دەڵێت: "بە نیگەرانییەوە چاودێریی رووداوەکانی چەند شار و ناوچەیەکی سووریا دەکەین کە ئامانج لێیان هەڵگیرساندنی ململانێیە."
دەشڵێت: "ئەو قسە ئێرانییانە رەتدەکەینەوە کە ئامانجیان خۆشکردنی ئاگری دووبەرەکییە لەنێو خەڵکی سووریادا."
ئەنجوومە عەرەبییەکە لە راگەیێندراوەکەیدا روونی نەکردووەتەوە مەبەستی کام قسەی ئێرانییەکانە.
رۆژی یەکشەممە، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران رایگەیاند، پێشبینی دەکات "کۆمەڵەیەکی بەهێز و شکۆمەند" لەنێو سووریادا سەهەڵبدات، دوای ئەوەی کە بەشار ئەسەد رووخا. ئاماژەی بەوەش کرد، گەنجانی سووریا "هیچیان نییە لەدەستیبدەن."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی توندی لەو هەواڵانە گرت کە باس لە "دەستوەردانی ئێران لە کاروباری نێوخۆی سووریا" دەکەن و بە "بێبنەما" وەسفیکردن.
بەقائی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئێران پابەندە بە "پشتیوانیکردن لە یەکپارچەیی و یەکێتیی نیشتمانیی سووریا و پێکهێنانی سیستمێکی سیاسیی کە هەموو لایەک لەخۆ بگرێت."
سەرکردە نوێیەکانی سووریا رەخنە لە ئێران دەگرن لەسەر ئەو رۆڵەی لە چەند ساڵی رابردوودا هەیبووە.
ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری نوێی دەرەوەی سووریا رۆژی سێشەممە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی: "پێویستە ئێران رێز لە ویستی خەڵکی سووریا و سەروەری و سەلامەتیی وڵاتەکەی بگرێت. هۆشدارییان پێدەدەین دژی بڵاوکردنەوەی ئاژاوە لە سووریا و بە بەرپرسیار دەیانزانین لە بەرامبەر لێکەوتەکانی قسەکانی ئەم دواییەیان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ