توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە؛ بەپێی توێژینەوەیەک، وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".
مەعرووف مەجید، لە کاتی بەشداریکردن لە بوڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: من لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی باڵای ژینگەی هەرێمی کوردستان (کە نوێنەری 14 وەزارەت لەگەڵ دەستەی ژینگەیە) بەشدار بووم کە گفتوگۆ لە سەر گرفتەکانی پیسبوونی هەوا لە هەرێمی کوردستان کرا.
ئەو دەڵێت، "بەپێی گوتەی بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە یەکێک لە وەزارەتەکانی حکومەت، توێژینەوەیەک کراوە و دەرکەوتووە هەوای شاری هەولێر ئەوەندە پیسە وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".
لە بارەی ریزبەندیی شارە پیسەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان گوتی: "بەپێی ئەو بەڵگە و دیمەنانەی کە لە ماوەی رابردوو تەنانەت ئاژانسە جیهانییەکانیش باسیان کردووە، دەرکەوتووە دوای بەغدا، هەولێر دووەم شاری عێراقە لە رووی پیسیی هەواوە".
مەعرووف مەجید لە بارەی بوونی پاڵاوگەی نایاسایی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: "لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە شاری هەولێر تاوەکو ئێستا 143 پاڵاوگەی نایاسایی هەن، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر 50 پاڵاوگەی داخستووە".
دووشەممە، 23-12-2024، دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەم مانگەدا بەهۆی سەرپێچییە ژینگەییەکانەوە 54 پاڵاوگەی نایاساییان داخستووە.
گوتیشی: جگە لە داخستنی کارگەکان، لە دوو هەفتەی رابردوو 20 خاوەن پاڵاوگەی نایاساییان دەستگیرکردووە کە پابەندی رێنوێنییە ژینگەییەکان نەبوون.
لەبارەی پاڵاوگە نایاساییەکان لە هەرێمی کوردستان مەعرووف مەجید گوتی: " لە ساڵی 2018 هەرێمی کوردستان خاوەنی 460 پاڵاگەی نایاسایی بووە، 60 -80ی ئەو پاڵاوگانە کەوتوونەتە پارێزگای دهۆک، بەڵام نازانین داخراون یان نا. لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ژینگە لە شاری هەولێر باس لەوە کرا کە لە مانگی رابردوودا 50 پاڵاوگە لە هەولێر داخراون و پارێزگاری سلێمانیش لە ماوەی رابردووە گوتی، هیچ پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە سنووری پارێزگای سلێمانی نییە".
لە بارەی هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا لە هەرێمی کوردستان، مەعرووف مەجید دەڵێت، " تەنیا لەنێو شاری هەولێر، 2500 موەلیدەی ماڵان و شوێنە گشتییەکان هەن. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 2.4 ملیۆن ئۆتۆمبێل هەن، هەروەها بەشێک لەو وێستگانەی کە لە هەرێمی کوردستان کارەبا بەرهەمدەهێنن بە نەوتی رەش کاردەکەن. رۆژانە نزیکەی حەوت هەزار تۆن پاشماوە فڕێدەدەن و بەشێکی دەسووتێنرێ، ئەمانە بەشێکن لەو مەترسییانەی کە ئێستا بوونەتە هۆکاری پیسبوونی هەوا".
مەعرووف مەجید داوا دەکات بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە "حکومەت هاووڵاتیان هانبدات کە وزەی پاک و تیشکی خۆر بەکاربێنن، گرنگی بە گواستنەوەی گشتی بدرێت و بەکارهێنانی پلاستیک سنووردار بکرێت و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری پلاستیک ناچار بکات ریسایکلین بکەن".