دوو منداڵ لە نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکووک جێهێڵدراون

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
کارمەندێکی نەخۆشخانەکە لەگەڵ منداڵەکان.
کارمەندێکی نەخۆشخانەکە لەگەڵ منداڵەکان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکووک دوو منداڵ دوای لەدایکبوونیان، لە لایەن دایکیانەوە جێهێڵدراون. بەڕێوەبەری بەشی منداڵبوونی نەخۆشخانەکە دەڵێت، چەندین جار نووسراویان بۆ دادگە کردووە، و وەڵام نادرێنەوە. چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانیش ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی دوو منداڵەکە لە رێگەی دادگەوە دەردەبڕێت.
 
یەکێک لە منداڵەکان تەمەنی نۆ مانگە، کوڕە و لە نەخۆشخانە ناونراوە ئەژی، دوای لەدایکبوون دایکی نەخۆشخانەی جێهێشتووە.
 
منداڵەکەی دیکە تەمەنی سێ ساڵە، کارمەندانی نەخۆشخانەکە بە شووشە بانگی دەکەن و لە نەخۆشخانە بە شەهرەزاد تۆمارکراوە، دایکی لە قەرەجەکانە و وەک کارمەندانی نەخۆشخانەکە باسی دەکەن، دایکی جار جار لە نەخۆشخانە سەردانی دەکات بەڵام ئامادە نییە بیگەڕێنێتەوە لای خۆی.
 
ئەژی و شووشە، دوو منداڵی تەندروستن، لە بەشی منداڵانی ناکام لە نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکووک دەمێننەوە. نەخۆشخانەکە قەرەباڵخە و ژینگەیەکی ناتەندروستە بۆ مانەوەی ئەو دوو منداڵە. بوونەتە بارگرانییەکیش لەسەر کارمەندانی نەخۆشخانەکە، چونکە هەر لە لایەن کارمەندانەوە خزمەت دەکرێن.
 
جینان محەممەد، پەرستارە لە نەخۆشخانەکە، بە رووداوی گوت، "ئەگەر بەیانیان لێرە بین خزمەتی دەکەین و ئێمە نەبین ستافی ئێشکگر ئەو کارە دەکەن. بەڕاستی ئەم شوێنە بۆ ئەم منداڵە باش نییە، نە خەوتنی رێکە و نە شوێنی مانەوەی. ئەمە دەبێت لە شوێنێک بێ بحەسێتەوە. دەبێت بە بەردەوام یەکێکمان خەریکی ئەم منداڵە بین، ئەمە جگە لە کاری خۆمان کاری ئەم منداڵەشمان هاتووەتە سەر".
 
هەردوو دایکەکە بە سرووشتی منداڵیان بووە، بەر لەوەی منداڵەکان تۆمار بکەن، نەخۆشخانەیان جێهێشتووە. منداڵەکانیش بە بڕیاری دادگەی کەرکووک لە نەخۆشخانە ماونەتەوە. 
 
دکتۆر فایزە خەتاب، بەڕێوەبەری بەشی منداڵانی نەخۆشخانەکە، لە بەرپرسیار گوتی، "منداڵی یەکەم ناوی شووشەیە و دایکی دیارە و دەڵێت پێم بەخێوناکرێت، لە نەخۆشخانەش بەناوی شەهرەزاد تۆمارکراوە، دایکی سواڵکەرە و وەک خۆی دەڵێت 'شوێنم نییە'. منداڵی دووەم کارمەندان بە ناوی ئەژی بانگی دەکەن، دایکی دیارنییە. چەندین جار داوامان لە دادگە کردووە بڕیاری کۆتایی لەسەر چارەنووسی ئەو دوو منداڵە بدات، بەڵام وەڵام نادرێینەوە".
 
 
بەپێی یاسای چاودێریی نەوجەوانان ژمارە 76 کە ساڵی 1983 دەرچووە، لە مادەی 39 تاوەکو 46 باس لەو منداڵانە دەکات کە بێ سەرپەرشتن یان ئەو منداڵانەی کەسوکاریان دیارن و نایانەوێت. بەپێی یاساش دەستبەرداربوون یان فڕێدانی منداڵ بە تاوان هەژمار دەکرێت.
 
هەر خێزانێک کە منداڵیان نابێ یان دەیانەوێ منداڵێک لە خۆ بگرن کە کەسوکاری دیارنەبن و بە بڕیاری دادگە رەوانەی خانەکان کرابن، دادگە چەند مەرجێکی بۆ خێزانەکان داناوە کە بریتین لەوەی، هەردوو هاوژینەکە عێراقی بن، خاوەن کەسایەتیی باش بن و سزای تاوانی ئەخلاقی نەدرابن. بتوانن ژیانێکی شایستە بۆ منداڵەکە دابین بکەن و خاوەن داهاتی جێگیری خۆیان بن. تاوەکو شەش مانگ پێدانی منداڵەکە کاتی دەبێ لەژێر تاقیکردنەوەی دادگە و مانگانە توێژەر سەردانی منداڵەکە دەکات. ئەگەر دەرکەوت ژینگەی منداڵەکە دروستە، دوای شەش مانگەکە دادگە بڕیار دەدات منداڵەکە بچێتە ناو خێزانی جێگرەوە.
 
ئاهەنگ ئەنوەر، پارێزەری راوێژکار لە دادگەی کەرکووک، لە بەرپرسیار گوتی، "چونکە لە کەرکووک خانەی خوار 5 ساڵ نییە، دیارە دادگەی نەوجەوانان نایەوێ دوو منداڵەکە رەوانەی بەغدا بکرێ، باشترین چارە بۆ ئەو دوو منداڵە ئەوەیە پارێزگاری کەرکووک بە زووترین کات خانەیەکی خوار 5 ساڵ لە شارەکە بکاتەوە".
 
لە کەرکووک خانەی بێسەرپەرشتان بۆ تەمەنی سفر تاوەکو پێنج ساڵی نییە. سەرچاوەیەک لە خانەی بێسەرپەرشتانی کەرکووک کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە رووداوی گوت، "خانەی خوار تەمەنی 5 ساڵی بۆ کەرکووک زۆر گرنگە بکرێتەوە بەڵام هەوڵی جیدی بۆ نادرێ. هەر منداڵێکی خوار 5 ساڵی بێتە لامان راستەوخۆ رەوانەی بەغدا یان موسڵی دەکەین. لە خانەکەمان 35 منداڵی بێ سەرپەرشت هەن کە تەمەنیان لە نێوان 6 تاوەکو 18 ساڵین. ئەو منداڵانەی تەمەنیان دەگاتە سەرووی 18 ساڵ ئەگەر کەسوکاریان هەبێ دەنێردرێنەوە لایان، ئەگەر کەسوکاریان نەبێ دەنێردرێنە بەغدا یان موسڵ چونکە لەو دوو شارە خانەی سەرووی 18 ساڵیش هەن".
 
لە خانەی بێسەرپەرشتانی سەر بە چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی تەمەنی سفر بۆ 5 ساڵ هەیە. بەرپرسی هۆبەی لەخۆگرتنی خێزان دەڵێت، "ئامادەین لە رێگەی دادگەوە ئەو دوو منداڵە وەربگرین".
 
محەممەد عەلی، لە بەرپرسیار گوتی: "داوا لە دکتۆر فایزە دەکەین نووسراوێک بۆ دادگەی نەوجەوانانی کەرکووک بکات بۆ ئەوەی ئەو دوو منداڵە بۆ لای ئێمە بگوازرێنەوە و منداڵەکان وەردەگرین. بەدواداچوون بۆ خێزانەکانیان دەکەین، ئەو منداڵەی کەسوکاری دیارنییە، دەیخەینە نێو خێزانی جێگرەوە".
 
دکتۆر فایزە خەتاب گوتی، "پێشتریش ئەو نووسراوە کراوە، بەڵام جارێکی دیکە و هەوڵێکی دیکە دەدەینەوە و داوا لە دادگە بکەین تەنیا رەزامەندی بدات بە گواستنەوەی دوو منداڵەکە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەڵاحەدین بەهائەدین و لۆگۆی یەکگرتوو.

یەکگرتوو کۆنگرە دەبەستێت؛ سەڵاحەدین بەهائەدین تاکە بەربژێرە بۆ ئەمینداری گشتی

ئەمڕۆ یەکگرتووی ئیسلامی کۆنگرە دەبەستێت؛ سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوو رایگەیاند، نازانن لە کۆنگرەدا کەس خۆی بەربژێر دەکات یان نا؛ بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ تاکە بەربژێر بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی تەنیا سەڵاحەدین بەهائەدینە.