رووداو دیجیتاڵ
کێشەی بێکاری، بەرزیی رێژەی هەڵاوسان، جێگیرنەبوونی نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار و بەم دواییەش کێشەی کەمیی گاز و کارەبا، دۆخی ئابووریی ئێرانی خراپتر کردووە. بازرگانان و خاوەن کارگەکان لە دۆخەکە ناڕازین.
بازرگانێک دەڵێت: "هەموو گەنجەکانمان ئێستا بێکارن، داواکاریمان لە سەرۆککۆمار ئەوەیە، یەکەم لە خەمی هەموو خەڵکدا بێت و دووەم لە خەمی گەنجاندا بێت. کار نییە و هەموویان روو لە تاران دەکەن."
ناوندی ئاماری ئێران رایگەیاندووە، رێژەی بێکاری لەو وڵاتە 7.5٪ـە، بەڵام پسپۆرانی ئابووری و ئەنجوومەنەکانی کرێکاری لە ئێران دەڵێن ئامارەکە زۆر لەوە زیاترە.
بەپێی هەمان ناوەند، رێژەی هەڵاوسان لە ئێران زیاتر لە 37٪، تمەنیش بەرامبەر دۆلار بەردەوامە لە دابەزین و لە سێ مانگی رابڕدوودا زیاتر لە 25٪ بەهاکەی لەدەستداوە.
هەروەها لە هاوینی ئەم ساڵەوە کێشەی کەمیی گاز و کارەبا بەرۆککی ئێرانی گرتووە و حکومەت بە ناچاری کارەبای لەسەر کارگەکان و ناوچە پیشەسازییەکان بڕیوە.
خاوەن کارگەیەک دەڵێت: "بەڕێز سەرۆککۆمار داواکارم لێتان، سەرەتی بدەنە خاوەن کارگەکان ئینجا کارەبایان لەسەر ببڕن، بۆ ئەوەی لانیکەم کەسانی وەک ئێمە، کە ئێستا 30-40 کەس لە کارگەکەمان کار دەکەن، زەرەر نەکەین. ئەمانە مووچەیان دەوێت، بەداخەوە فەرمانگە حکومییەکان ئەو شتانە لەبەرچاو ناگرن."
حکومەتی ئێران هۆکاری خراپی دۆخی ئابووری دەگەڕێنێتەوە بۆ سزاکانی وڵاتانی رۆژئاوا و هەوڵەکانیان بۆ گۆشەگیرکردنی تاران. دەشڵێت، بە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ رووبەڕووی ئەو سیاسەتە دەبێتەوە.
محەممەد ئەتابەک، وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئێران دەڵێت: "سیاسەتی کابینەی چواردەم لە سەر ئەو بناخەیە دارێژراوە کە بە پەرەپێدان بە پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دۆخی ئابووری باشتر بکات. سەردانەکانی سەرۆککۆمار پزیشکیان بۆ وڵاتانی دراوسێ و ئەنجامەکانی لە بواری ئابووریدا ئاماژەن بۆ ئەمە."
حکومەتی مەسعود پزیشکیان ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەدایە، لە لایەک خەڵکی ئێران چاوەڕوانی بردنەسەری بەڵێنەکانی کاتی هەڵبژاردنە، کە هێشتا بەشێکی زۆری جێبەجێ نەکراون، لە لایەکی دیکەشەوە کێشە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە قووڵتر دەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ