گرووپە چەکدارەکان رێگری لە گەڕانەوەی 20 خێزانی عەفرینی دەکەن

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیپان رۆژهەڵاتی
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ قسە بۆ رووداو دەکات.
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ قسە بۆ رووداو دەکات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە شاری تەرتووس، کاوروانێکی هێزەکانی ئاسایشی گشتی سەر بە بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەسەڵاتی نوێی سووریا، دەکەونە بۆسەیەکی سەربازانی پێشووی سووریا و 14 کەسیان کوژراون. ئێستا بۆ گرتنی بکوژەکان دەست بە ئۆپەراسیۆن کراوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فەرماندەیی سەربازیی دیمەشق بە مەبەستی گرتنی پاشماوەکانی رژێمی پێشوو و گرتنی یەکێک لە بەڕێوەبەرانی وەزارەتی دادی سەربازی کە فەرمانی لەسێدارەدانی ژمارەیەکی زۆر لە دەستگیرکراوەکانی لە زیندانی سیدنایا و شوێنەکانی دیکەی دەرکردبوو، ئۆپەڕاسیۆنێکیان لە گوندەکانی قەلبات ئەلمازی و دەوروبەری لە ریفی تەرتووس کردووە کە تێیدا لیوا محەممەد کەنجوو، فەرماندەی باڵای رژێمی بەشار ئەسەد و 20 چەکداری دەستگیر کراون".
 
سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ گوتی: ترسیان هەیە کە دوای ئەم ناوچانە دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا روو بکەنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەبەرئەوەی "هەڵمەتێکی میدیایی فراوان دژی هەسەدە دەستیپێکردووە".
 
رامی عەبددولڕەحمان گوتی: "بەرپرسێکی تورکیا داوای کردووە کە پارتی یەکێتی دیموکرات PYD قەدەخە بکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەوان رۆڵەی سووریان و ساڵی 2003 لە سووریا دامەزراون، چۆن دەبێ لە سووریا دەربکرێن کاتێک ئەوان رۆڵەی سووریان؟ بەڵام هەندێک لە میدیا بە ئاوازی تورکیا دەخوێنن و دەڵێن کە هەسەدە ناوچە عەرەبییەکانی داگیر کردووە، ئەوان هەر ئەو کەسانەن کاتێک تورکیا عەفرینی داگیرکرد و سەدان هەزار کوردی لە عەفرین ئاوارە کرد، پشتگیریی تورکیایان دەکرد".
 
رامی عەبدولڕەحمان باسی رێگرییەکانی بەردەم گەڕانەوەی خێزانە کوردەکان بۆ عەفرین دەکات و دەڵێت، "رۆژی 25-12-2024، بیست خێزان هەوڵیاندا بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان، بەڵام گرووپە چەکدارەکان لە جندرێس رێگرییان لێکردن لەبەرئەوەی ماڵەکانیان داگیرکراوە".
 
رامی عەبدولرەحمان جەختیکردەوە "ئەو 20 خێزانەی کە رێگرییان لێکراوە کورد بوون و ویستوویانە بگەڕێنەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە