رووداو دیجیتاڵ
دوو منداڵ لەدوای لەدایکبوونیان لە نەخۆشخانەی ئازادی شاری کەرکووک، لەلایەن دایکەکانیان جێدەهێڵدرێن و کارمەندانی تەندروستی کاری بەخێوکردنیان لەئەستۆ گرتووە.
ناوی دوو منداڵەکان ئەژی و شووشەیە، ئەژی تەمەنی نۆ مانگە و شووشە سێ ساڵە.
جینان محمەد، لە نەخۆشخانەکە پەرستارە و لەبارەی ئەژی نۆ مانگ دەڵێت، "ئەگەر شەفتی بەیانیان لێرە بن ئەوان خزمەتی دەکەن، ئەوان نەبن ستافی ئێشکگر ئەو کارە دەکەن، بەراستی ئەم شوێنە بۆ ئەم منداڵە باش نیە، نە خەوتنی رێکە و نە شوێنی مانەوەی. ئەمە دەبێت لە شوێنێک بێت بتوانێت بحەسێتەوە، دەبێت بەبەردەوام یەکێکمان سەرقاڵی ئەم منداڵە بین، ئەمە جگە لە کاری خۆمان کاری ئەم منداڵەش هاتۆتە سەرمان".
ئەژی و شووشە تەندروستییان باشە، بەڵام خراپی و قەرەباڵغی شوێنی مانەوەیان، جگە لەوەی کاریگەری لەسەر تەندروستی و ژیانیان دروستکردووە، بوونەتە بارگرانیش بەسەر کارمەندەکانی بەشەکە.
ئەحەمەد شێرزاد، یەکێکی دیکەیە لە پەرستارەکان و باس لەوە دەکات، "ئەمانە ئەرکەکانی ئێمەیان قورستر کردووە و کاریگەرییان بۆسەر منداڵەکانی ناو نەبەکام زۆر زۆرە و دەبنە سەرچاوەی پیس بوون بۆ منداڵەکان. منداڵ تاوەکو تەمەنی 20 رۆژی لە نەبەکام دەمیێنێت، ئەمانە یەکێکان سێ ساڵ و ئەوەی دیکەیان نۆ مانگە."
هەر دوو دایکەکە بە سروشتی منداڵیان بووە، بەر لەوەی منداڵەکان تۆماربکەن، نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، منداڵەکانیش بە بڕیاری دادگای کەرکووک لە نەخۆشخانە هێڵدراونەتەوە.
فایزە خەتاب، پسپۆری نەخۆشیەکانی منداڵانە لە نەخۆشخانەکە و باس لەوە دەکات، "ئێرە نەخۆشخانەیە و شوێنی چارەسەکردنی نەخۆشە، شوێنی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵ نیە، ئەم منداڵانە نابێت لەم ژینگەیەدا بن و هەڵەیە و نابێت لێرە بەخێوبکرێن. ئەو کارمەندانەی لەوێن بەشێکی زۆریان دایک نین و نازانن چۆن منداڵ بەخێوبکەن، چونکە سۆز و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دایکی خۆیان جیاوازە".
لە کەرکووک خانەی بێ سەرپەرشتیاران بۆ تەمەنی خوار پێنج ساڵ نییە، ئەمەش وایکردووە دوو منداڵەکە لە نەخۆشخانە بمێننەوە تا تەمەنیان دەبێتە پێنج ساڵ، ئەوکات دەتوانرێت ڕەوانەی خانەی بێ سەرپەرشتیاران بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ