دوران کاڵکان: پەیوەندیی راستەوخۆمان لەگەڵ هەسەدە نییە

رووداو دیجیتاڵ
 
دوران کاڵکان، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە سەبارەت بە بوونی ئەندامانی پەكەكە لە ریزەكانی ھەسەدە رایگەیاند، ئەوان پەیوەندییەكی راستەوخۆیان لەگەڵ هەسەدە نییە، "لەسەر ئاستی تاكە كەسی ھەندێك كەس كاردەكەن، بەڵام ئەگەر لە نێویاندا كوردانێك ھەبن سووریایی نەبن و پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكەدا ھەبێت و ئیدارەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بڕیاربدات لەو ناوچانەدا دەربچن، ئەوان لەوێ دەردەچن".
 
دوران کاڵکان، رۆژی چوارشەممە، 25ـی کانوونی یەکەم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی نزیک لە پەکەکە رایگەیاند، هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە رۆژئاوای کوردستانەوە نییە، بەڵام هەندێک لایەن ئەمە وەک گوشار لە دژی هەسەدە بەکاردەهێنن. 
 
دوران كاڵكان دەڵێت، بەردەوام باسی كێشەی پەكەكە دەكەن و كردوویانەتە ویردی سەر زوبان، دەیانەوێت گوشار لە كوردانی رۆژئاوا بكەن.
 
دوران كاڵكان پرسیار دەكات و دەڵێت، "مەگەر ئەوانەی نێو ھەتەشە [هەیئەی تەحری شام] كێن؟ ھەندێكیان لە نازانم كوێی رۆژھەڵاتی ئاسیاوە ھاتوون، ھەندێكی دیكەیان لە كوێی دونیاوە ھاتوونەتە سووریا. ئەمانە كۆمەڵگای دەڤشێرمەن (دروستكراون). سوپای نیشتیمانیی سووریا ھێزێكی دەڤشێرمەیە. ھەموویان لە نێوەڕاستی ئاسیاوە ھێنراونەتە ئێرە و ھێزێكی دەڤشێرمەن. لە بەرامبەریشدا ئەوانەی لەوێن كوردن. تەنیا بۆ گوشار دروستكردن لەسەر ئیدارەی بەڕێوەبەرایەتیی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، وەكو ھەڤاڵ جەمالیش (موراد قەرەیلان) ئاماژەی پێكردبووە".
 
هەروەها دەڵێت، "ئێمە پەیوەندییەكی راستەوخۆمان لەگەڵیاندا [هەسەدە] نییە. ئەمە شتێكیش نییە ببێتە كێشە. لەسەر ئاستی تاكە كەسی ھەندێك كەس كاردەكەن، بەڵام ئەگەر لە نێویاندا كوردانێك ھەبن سووریایی نەبن و پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكەدا ھەبێت، ئیدارەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بڕیاربدات لەو ناوچانەدا دەربچن ئەوان لەوێ دەردەچن. ئەمە بۆ پەكەكە ھیچ كێشەیەكی نییە. چەكەكانیان ھەڵدەگرن و دەچنەوە بۆ باكووری كوردستان. ھاوشێوەی رابردوو لە باكووری كوردستان چەكەكانیان هەڵگرت و بۆ بەرەنگاربوونەوە لە دژی داعش چوونە رۆژئاوا. تەیب ئەردۆغان لە ھەموو كەسێك باشتر ئەمە دەزانێت. كەوایە كێشە نییە".
 
ئەو گوتانەی دوران کاڵکان لە کاتێکدایە، ئەنقەرە بوونی هێزەکانی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان وەکو کارتێک لە دژی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەکاردەهێنێت و بە پاساوی ئەوەش بەردەوام هەڕەشەی هێرش دەکات. 
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا چەند رۆژێک لەمەوبەر ئاماژەی بەوەدا، "ئەندامانی ناسووریایی پەکەکە" لەنێو یەپەگە دەبێت رۆژئاوای کوردستان بەجێبهێڵن، ئەوانی دیکەش دەبێت چەکەکانیان رادەستی حکومەتی نوێی دیمەشق بکەن.
 
ئەنەکەسە و بەرەی کوردستانی سووریا داوا دەکەن ئەو کادیر و شەڕڤانانەی خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستانن رۆژئاوای کوردستان بەجێبێڵن.
 
پێشتر بەرپرسانی هەسەدە، لەوانەش مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی ئەو هێزە رایگەیاندبوو، هیچ گەریلایەکی پەکەکە لە نێو هەسەدە نەماوە.