دهۆک خۆی بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی سەری ساڵ ئامادە کردووە

26-12-2023
هیدایەت جان
دیمەنێک لە شاری دهۆک. وێنە: رووداو
دیمەنێک لە شاری دهۆک. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و ریستۆرانتەکانی دهۆک دەڵێت، لە 21ـی ئەم مانگەوە کۆمەڵیک ئاهەنگیان لە پارێزگای دهۆک دەستپێکردووە و تاوەکو شەوی سەری ساڵ بەردەوام دەبن. هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە چاوەڕوانن 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
 
رۆژی سێشەممە 26ـی کانوونی یەکەمی 2023 ئیحسان عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و ریستۆرانتەکانی دهۆک میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سیما ئابخزر پێشکێشیکرد و رایگەیاند، "ئامادەکارییەکی باشمان بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی سەری ساڵ کردووە و هوتێل و مۆتێلەکانی پارێزگای دهۆک توانای لەخۆگرتنی 15 هەزار گەشتیاریان هەیە".
 
ئیحسان عەلی دەڵێت، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزار "کۆمەڵێک ئامادەکاریمان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە سەری ساڵ، لە 21ـی مانگەوە لە زاخۆ دەستمان کردووە بە ئاهەنگگێڕان و لە 25ـی مانگیشەوە لەنێو شاری دهۆک ئاهەنگەکان دەستیان پێکردووە و تاوەکو شەوی سەری ساڵ بەردەوام دەبن".
 
سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و ریستۆرانتەکانی دهۆک پێیوایە، رێژەی گەشتیاری بیانی لە ساڵی 2022 و تەنانەت ئەم ساڵیش لە ئاستی پێشبینییەکانیان بووە و دەشڵێت، "بەڵام بۆ پشووی سەری ساڵ، شوێنی باشتر بۆ گەشتیاری بیانی هەیە و نایەن بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەو گەشتیارانەی لە پشووی سەری ساڵ دێن بۆ هەرێمی کوردستان و دهۆک، هەموویان گەشتیاری عێراقین و لە رێگەی گرووپە گەشتیارییەکانەوە دێن".
 
ئیحسان عەلی چاوەڕوان دەکات 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لەو ژمارە گەشتیارەش پشکی شێر بەر پارێزگای دهۆک بکەوێت، وەکو ئاماژەی پێدەدات، "کەرتی هۆتێل و ریستۆرانتەکانی دهۆک پلانی باشیان داناوە بۆ پێشوازی لەم گەشتیارانە و کۆمەڵێک ئاهەنگمان رێکخستوون بۆ ئەوەی سەرنجیان رابکێشین، پێشبینیش دەکەین نزیکەی 200 هەزار گەشتیار بۆ پشووی سەری ساڵ سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن". 
 
لە پارێزگای دهۆک نزیکەی 200 هۆتێل و مۆتێلی گەشتوگوزاری هەن، سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و ریستۆرانتەکانی دهۆک دەڵێت، "بەدەر لەم هۆتێل و مۆتێلانە، کۆمەڵێک گوندی گەشتیاریشمان هەن کە بەسەریەکەوە دەتوانن 15 هەزار گەشتیار لەخۆ بگرن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."