کوردستان

وێنەکە ژمارەیەک سەربازی ئەمریکان لە هەرێمی کوردستان و بۆ روونکردنەوە لەسەر ئەم هەواڵە دانراوەتەوە
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر شاندە دیپلۆماسییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان و رێکاری تووند دەگرێنەبەر بۆ پاراستنیان.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردوو و زیانەکانیان، هەندێک زانیارییان لەبەردەستە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان و پاراستنی نهێنیی رەوتی لێکۆڵینەوە، ناتوانن زانیارییەکان ئاشکرا بکەن.
دوانیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریکی برینداربوون، کە برینی یەکێکیان سەختە.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، چەکدارێکی حەشدی شەعبی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا لە حلەی ناوەندی پارێزگای بابل کوژراوە.
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی 20 کەسی دیکە کە هەشتیان ئەندامی هێزە چەکدارەکانی عێراقن. هاوکات، چوار چەکداریش لە پارێزگای واست لە باشووری عێراق بریندار بوون.
سەباح نوعمان رایگەیاند، بەرپرسان و سەرکردەکانی عێراق لەسەر ئاستی باڵا ئەو هێرشانەیان رەتکردووەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و "بە تووندترین شێوە" وەڵامدەدرێنەوە، هێزە ئەمنییەکان ئامادەن سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنێن و کۆتاییان پێبهێنن.
گوتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق، حکومەتێکی بەهێزە و بە تووندی رووبەڕووی ئەم هێرشانە دەبێتەوە و لەسەر بەرزترین ئاستی ئەمنی گفتوگۆی لەوبارەوە دەکرێت، دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکانیش، لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، "رێکاری تووند و پێویست دەگیرێتە بەر".
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەشکرد، "پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و زانیاریی هەوڵگری لەگەڵ یەکدی دەگۆڕنەوە و هاوئاهەنگیی بەردەوام لەنێوانیان هەیە و سەرکەوتنی باشی بەدەستهێناوە بۆ رووبەڕووبوونەی مەترسییەکانی تیرۆر و چ ئەو مەترسییانەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت یان ناوەند، ئەو هاوکارییەش بەردەوام دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ