شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 سەردانی بەغدا دەکاتەوە

26-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک لە پرسە دارایی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەرەتای مانگی داهاتوو شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، جگە لە بابەتی مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا، باسی بودجەی ساڵی 2024یش دەکرێت.
 
ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عیراقیش دەڵێت، "پرسە هەڵپەسێردراوەکان و رێگەچارەکانیان باسدەکرێت، ئەوەش بە پشتبەستن بە هەموارێک کە لە یاسای بودجەدا دەکرێت، جگە لە باسکردنی پاکتاوکردنی ژمارەکانی نێوان هەردوولا."
 
سەرەتای مانگی داهاتوو کە چاوەڕواندەکرێت کۆتایی هەفتەی یەکەم یان سەرەتای هەفتەی دووەم بێت، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا دەکات بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی بودجەی ساڵی 2023، بودجەی ساڵی 2024، مووچەی فەرمانبەران، داهاتە ناوخۆییەکان، ئەمە جگە لە چەند بابەتێکی دیکە کە دیارترینیان بریتیە لەو قەرزانەی بە هەرێمی کوردستان دەدرێن بۆ پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەرانی.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، شاندەکە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی حکومەت کۆدەبنەوە، ئەگەری هەیە کۆبوونەوەیەکی یەکلاییکەرەوە بێت، بەتایبەت حکومەتی عێراق سەرقاڵی تاوتوێکردنی هەموارکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2023یە بۆ ئەوەی لە ساڵی 2024 بە گۆڕانکارییەوە پەیڕەوبکرێت لەنێویاندا ئەو گۆڕانکارییانەی پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت بڕگەی "خەرجیی کردەیی."
 
موعین کازمی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە 26-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کۆمەڵێک پابەندی و کێشەی دارایی هەن، لەوانە راگرتنی هەناردەکردنی نەوت و رادەستنەکردنی داهاتەکانی نێوخۆ و نانەوتی، بابەتی مووچەی فەرمانبەران، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکە، دیارترینیان پاکتاوکردنی ئەو هەژماری قەرزدان و قەرزدارییەیە کە هەیە، دەبێت ئەوانە بۆ ساڵی داهاتوو بەردەوام نەبێت، چونکە عێراق دەیەوێت قۆناخێکی سەقامگیریی بەڕێبکات، بۆیە ئەگەر هەردوولا گەیشتن بە ئەنجام، ساڵی داهاتوو باشتر یاسای بودجە جێبەجێ دەکرێت."
 
موعین کازمی، گوتیشی، "هەرێمی کوردستان پشکی هەیە و پارەشی بە قەرز دراوەتێ، واتە دەبێت پابەندییەکانی جێبەجێبکات بەپێی یاسای بودجە و پارەشی بۆ بنێرێت، بۆیە دەبێت روونبکرێتەوە هەرلایەک پابەندییەکانی جێبەجێکردووە یان نا، شایستەکانی وەرگرتووە یان نا."
 
یاسای بودجەى گشتی، کە لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسندکرا و لە 26ـى هەمان مانگدا لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە؛ قەبارەکەی 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە، بەڵام دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە، کێشە کەوتە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداوە.
 
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، محەممەد شیاع سوودانی لێژنەیەکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە پێکهێناوە.
 
حکومەتی عێراق بە سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری، قەرزی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردووە. ئەم ساڵ کەمتر لە هەفتەیەکی ماوە، کەچی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12 ئەم ساڵیان وەرنەگرتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."