گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکانی دەربەندیخان و دهۆک ئاستی پاری تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بڕێکی باشی ئاو لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان گلدراوەتەوە، بەهۆی بارانی زۆرەوە دوو بەنداوی گەورەی کوردستان لە ئاستی پار زیاتر ئاویان تێدا گلدراوەتەوە، دەشڵێت "بارانی دوو رۆژی رابردوو بۆ گلدانەوەی ئاو بەتایبەت لە بەنداوی دەربەندیخان، دڵخۆشکەر بوو."
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە، 26-12-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بارانی ئەمساڵ وایکردووە بڕێکی زیاتر ئاو لە بەنداوەکانی دهۆک و دەربەندیخان گلبدرێتەوە، تەنیا بەنداوی دووکان نەبێت، بەراورد بە پار گلدانەوەی ئاوی کەمترە."
رەحمان خانی، گوتی "ئاستی ئاو بەراورد بە پار، لە بەنداوی دەربەندیخان 10 مەتر زیاتر و لە بەنداوی دهۆکیش دوو مەترێک زیاترە، تەنیا لە بەنداوی دووکان نەبێت، ئەمساڵ پێنج مەتر لە ساڵی رابردوو کەمتر ئاو گلدراوەتەوە."
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو، لەماوەی 48 کاتژمێردا، لەسەر ئاستی هەر سێ بەنداوی سەرەکیی هەرێمی کوردستان، ئاستی بووژانەوە و گلدانەوەی ئاو بەمشێوەیە بووە:
1- بەنداوی دووکان: 84 ملیۆن مەترسێجا ئاوی بۆ هاتووە، ئاستی ئاوی 77سانتیمەتر بەرزبووەتەوە
2- بەنداوی دەربەندیخان: 16 ملیۆن مەترسێجا ئاوی بۆ هاتووە، ئاستی ئاوەکەی 24 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە
3- بەنداوی دهۆک: 300 هەزار مەترسێجا ئاوی بۆ هاتووە.
لە هەرێمی کوردستان 17 بەنداو هەن، سێ بەنداویان گەورە و ستراتیژین، کە پێکدێن لە بەنداوەکانی دووکان، دەربەندیخان و دهۆک، لەگەڵ چەند پۆند و بەنداوێکی دیکە.
بەنداوی دووکان گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەترسێجا ئاوی هەیە و هێشتا ئاستی ئاوی ساڵی پاری تێنەپەڕاندووە.
بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و بۆ گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاو دروستکراوە.