بەهۆی بەفرەوە قوتابخانەکانی شاری چالدێرانی ورمێ داخران

26-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی بەفربارین و دابەزینی پلەی گەرما، قوتابخانەکانی شاری چالدێران لە پارێزگای ورمێ داخران. هەروەها بارینی بەفر رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکانی میاندواو لە پارێزگای ورمێ و میانە لە پارێزگای تەورێز داخستووە.
 
بارینی بەفر لە شاری چالدێران لە باکووری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و بەپێی کەشناسیی پارێزگاکە، تائێستا لەو شارە 10 سانتیمەتر بەفر باریوە. هەروەها با و کڕێوەیەکی بەهێز ناوچەکەی گرتووەتەوە.
 
بەهۆی بەردەوامیی بارینی بەفر و دابەزینی پلەی گەرما لە ناوچەکە، قوتابخانەکانی شاری چالدێران ماوەی دوو رۆژە داخراون.
 
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێ رایگەیاندووە، بەهۆی بارینی بەفر و دابەزینی پلەی گەرما، هەموو قوتابخانەکانی ناوچە گوندنشینەکانی چالدێران رۆژی سێشەممە، 26-12-2023، دادەخرێن و پرۆسەی خوێندن لە رێگەی کەناڵی شادی تایبەت بە پەروەردەوە دەبێت، هەروەها لە لە قوتابخانەکانی ناوەندی شاری چالدێرانیش دەوامی قوتابخانەکان کاژێرێک درەنگتر دەستپێدەکات.
 
رۆژی دووشەممەش بە هەمان هۆکار، هەموو قوتابخانەکانی سنووری شاری چالدێران داخرابوون.
 
ئیرەج دەست نشان، بەڕێوەبەری رێگەوبانی پارێزگای ورمێ رایگەیاندووە، بە هۆی بەردەوامیی بارینی بەفر و تەمومژێکی زۆر و رەشەبایەکی تووند لە ناوچەکانی باکووری ئەو پارێزگایە، هاتووچۆ لە رێگەی نێوان خۆی - چالدێران زۆر ئەستەم بووە و تیمەکانیان چاوەڕێ دەکەن دوای نەمانی تەمومژەکە و نەمانی رەشەباکە، دەست بە راماڵینی بەفری سەر رێگەکە بکەن.
 
بەڕێوەبەری رێگەوبانی پارێزگای ورمێ داوای لە هاونیشتمانییان کرد، ئەگەر بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبێ، لە رێگەکانی سنووری چالدێران هاتووچۆ نەکەن و سەردانی ئەو شارە نەکەن. 
 

لە باشووری پارێزگای ورمێش، لە ناوچە شاخاوییەکانی شاری مهابادیش بەفر باریوە و تیمەکانی فەرمانگەی رێگەوبانی شارەکە دەستیان بە راماڵینی بەفر لەسەر رێگە سەرەکییەکان کردووە.
 
رەحمەت نەویدنیا، بەڕێوەبەری رێگەوبانی مهاباد رایگەیاند، تیمەکانیان هەر دوو ملەی زەمزیران و جەواڵەرەشان لەسەر رێگەی مهاباد - سەردەشت، ملەی سەری مەیدان لەسەر رێگەی مهاباد - پەسوە و ملەی کانی رەش لەسەر رێگەی مهاباد - بۆکانیان لە بەفر راماڵیوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، فەرمانگەی رێگەوبانی شاری میاندواو داوای لە هاووڵاتیان کرد، بەهۆی بارینی بەفر لە ناوچەکە و بەهۆی ئەوەی بەشێکی رێگەکە تەواو نەکراوە، لە رێگەی نێوان میاندواو - میانە هاتووچۆ نەکەن.
 
عەلی سۆلدۆزیان، بەڕێوەبەری رێگەوبانی میاندواو رایگەیاندووە، 15 کیلومەتر لە رێگە 120 کیلومترییەکەی نێوان میاندواو - میانە هێشتا قیرتاو نەکراوە، بۆیە لەم وەرزەدا بە هۆی بارینی بەفر و کڕێوە هاتووچۆکردن لەو رێگەیە زۆر ئەستەمە، بۆیەش داوا لە هاووڵاتیان و شۆفێران دەکەین تاوەکو کاتی کردنەوەی رێگەکە، بەو رێگەیەدا هاتووچۆ نەکەن.
 
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، شەپۆلێکی بارینی بەفر و باران پارێزگای ورمێ و زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە.
 

 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە