رووداو دیجیتاڵ
ناوەندێکی بارەگای ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) و ماڵی کەسێکی سڤیل لە دربەسیێ لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکران.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە خەڵکی ناوچەکەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئەمڕۆ سێشەممە 26-12-2023، کاژێر 08:00ی ئێوارە، درۆنێکی سوپای تورکیا ناوەندێکی مەسەدەی بۆردوومان کردووە.
سەرچاوەیەک بۆ رووداو دەڵێت، "ناوەندەکەی مەسەدە لە نزیک نانەواخانەیەک بووە". هەمان رۆژ درۆنێکی تورکیا ماڵی کەسێکی لە رۆژهەڵاتی دربەسیێ بۆردوومان کرد کە ئەو کەسە سڤیلە و ناوی ئەشرەف ئەلکیایە. تاوەکو ئێستا بە تەواوی زەرەر و زیانەکانی ئەو بۆردوومانانە نەزانراوە.
لە ماوەی ئەم سێ رۆژەدا ژمارەی هێرشی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان زیاتر بووە. بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، لەو هێرشانەدا هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و 18ی دیکەش بریندارن کە زۆربەیان سڤیلن.
ئێوارەی سێشەممە 26-12-2023 هەواڵێک لەلایەن ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا بڵاوکرایەوە کە لە بەشێکیدا باس لەوە دەکات، میت بە مەبەستی نەهێشتنی توانا و لەکارخستنی ژێرخانی پەکەکە، هەموو ئەو شوێنانەی دەستنیشان کرد کە ئەوان بەکاری دەهێنن، هەر لە کۆگای جلوبەرگی گەریلاوە تاوەکو دەگاتە چەک و پێداویستیی رۆژانەیان.
بۆردوومانەکە لە کۆبانێ، قامیشلۆ و عامودا لە رۆژئاوای کوردستان کراوە و بەگوێرەی ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا، نزیکەی 50 ئامانج پێکراون. ئەگەرچی بەشێک لەو شوێنانە لە ناوچەی سڤیلدان و هیچ سەربازگەیەک نابینرێت، بەڵام سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا باس لەوە دەکەن کە شەڕڤانان ئەو ناوچانەیان بەکارهێناوە. جەختیان لەوەش کردەوە کە رێکاری پێویست و هەستیاریی تایبەت لە لایەن میتەوە گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی هیچ شوێنێکی مەدەنی و خەڵکی ئاسایی زیانیان بەر نەکەوێت.
تورکیا سێ جار لەڕێی ئۆپەراسیۆنەوە و بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی چووەتە نێو خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا. ئابی 2016 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "قەڵخانی فورات"ی لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی ئەلباب، راعی و عەززاز سەر بە پارێزگای حەلەبی کۆنترۆڵکردن. تورکیا باسی لەوەکرد کە ئۆپەراسیۆنەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا کردووە.
هەروەها رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2018، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی چڵەزەیتوون لەشکرکێشیی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ماوەی 58 رۆژ بەرگرییان لە خاکی عەفرین کرد، بەڵام دواجار سوپای تورکیا بە هاوکاریی گرووپێک لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەستی بەسەر عەفریندا گرت.
سوپای تورکیا هەروەها رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی "کانیی ئاشتی" هێرشیکردە سەر گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو دوو شارۆچکەیەشی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. ئێستا سەربازانی تورکیا لەو شوێنانەدا جێگیرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ