لە گوندێکی شارباژێڕ ژنێک بەهۆی کڵپەی گازەوە بەشێکی جەستەی دەسووتێت

 
رووداو - سلێمانی

لە گوندێکی شارباژێڕ بەهۆی لێچوونی گازەوە ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و بەهۆیەوە ژنێک بریندار بوو.
 
کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی گاپیڵۆن بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 26-12-2022 لەنێو ماڵێکی گوندی گەورەدێی شارباژێڕ بەهۆی لێچوونی بوتڵێکی گاز، ئاگر کەوتەوە و بەشێک لە جەستەی ژنێک سووتا.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی گاپیڵۆن گوتیشی، ئەو ژنە بە تەنیا لەو ماڵەدا ژیاوە، لە کاتی ئامادەکردنی خواردندا چەرخی بەکارهێناوە، بەڵام نەیزانیوە بوتڵی گازەکە لێیچووە، بۆیە ئاگر کەوتووەتەوە و سووتاوە.
 
لەبارەی زیانەکانی دیکەوە، کامەران عەبدوڵڵا ئەوەی خستەڕوو، خانووەکە زۆر زیانی بەرکەوتووە، بەڵام ژنەکە گەیێندراوەتە نەخۆشخانەى شار و تەندروستیی جێگیرە.
 
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، هەفتەى رابردووش بەهۆی رووداوێکی هاوشێوە لە سلێمانی، ژنێک گیانی لەدەستدا.