لە جۆلەمێرگ شوانێک لە چیایەک کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، شوانێک لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕەکانی لە چیایەک کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
 
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 25ی کانوونی یەکەمی 2022 لە گوندی ئاغاچدیبی سەر بە ناوەندی شاری جۆلەمێرگ روویداوە. هاونیشتمانییەک بەناوی شاکر ئایدیامان کە شوانە، لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕەکانی لە چیا هاوسەنگیی خۆی لەدەستداوە و کەوتووەتە خوارەوە.
 
دوای ئەوەی مەڕ و ماڵاتەکان بە شێوەیەکی پەرش و بڵاو دەگەڕێنەوە بۆ گوند، خەڵکی گوندەکە دەچنە ئەو شوێنەی مەڕ و ماڵاتەکان لێی دەمانەوە و دەبینن کە شاکر ئایدیامان لەسەر زەوی کەوتووە و لە هۆش خۆی چووە. دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان ژمارەیەک لە تیمەکانی فریاکەوتن و تەندروستی دەچنە شوێنی رووداوەکە.
 
تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی رووداوەکە دوای پشکنین رایدەگەیێنن، شاکر ئایدیامان گیانی لەدەستداوە و بە هاوکاریی گوندنشینەکان تەرمەکەی دەگوازرێتەوە بۆ بەشی هەڵگرتنی مردوو لە نەخۆشخانەی دەوڵەت لە ناوەندی شاری جۆلەمێرگ.