رووداو دیجیتاڵ
لە کاژێر 07:29 خولەکی بەیانی بوتڵێک گاز لە گوندی گەورەدێی شارباژێڕ تەقییەوە. لەو کاتە تەنیا ژنی ماڵەکە بەتەنها لە ماڵ بووە. تەقینەوەکە زەرەر و زیانی بە خانووەکە گەیاندووە.
خزمان و خەڵکی گوندەکەی مرواری دەڵێن، دەنگی تەقینەوەکە ئەوەندە بەهێز بووە هەموویانی راچڵەکاندوە.
سدیق مەولوود، دانیشتوویەکی گوندی گەورەدێیە و بە رووداوی گوت: دەنگی تەقینەوەکە ئەوەندە بەهێز بو هەموومانی لەخەوهەڵساند، تەنانەت لەبەرئەوەی لەناوچەکەی ئێمە تورکیا بۆردوومانی دەکات، وامان زانی دەنگی بۆردوومانی تورکیایە.
جەمال کەریم، برای هاوژینی کۆچکردووی مروارییە و بە رووداوی گوت: ناڵەیەکی زۆر بەرز هات کە چوومە دەرەوەی ماڵەکەم بینیم چڕە دووکەڵێکی زۆر لە ئاسماندا چووە؛ بینم هاوژینی برا کۆچکردووەکەمە و جلەکانی هەمووی سووتاوە و یەک تۆز پارچە جلی ماوە و داوا دەکات فریای بکەوین.
مرواری تاکە ئەندامی نێو ماڵەکە بووە و سێ مانگ پێش ئێستا دایک و هاوژینەکەی گیانیان لەدەستداوە. دوای سێ کاژێر مانەوەی لە نەخۆشخانە پزیشکەکان بە مرواریان گوتووە، تەنها دەموچاو و دەستەکانی سووتاون و ناردوویانەتەوە ماڵەوە.
مرواری عومەر، ئەو ژنەیە کە لەو ماڵەدا بووە کاتێک تەقینەوەکە روویداوە و گوتی: "نزیکی کاژێر 05:00ی بەیانی بوو هەستام بۆ نوێژ و چوومەوە ماڵەکەی خۆم، یەکسەر بۆنی گازم کرد بۆیە بوتڵی گازەکەم بردە دەرەوە، دەرگا و پەنجەرەشم کردەوە، ئیتر دوای ئەوە چووم کاروباری ماڵەکەمم کرد، دانمدا بە مریشکەکان و حەوشەکەم پاککردەوە دوای نزیکەی دوو کاژێر چوومەوە ژوورەوە و دەرگا و پەنجەرەم داخست، چەند رکاتێک نوێژم کرد دواتر ویستم سۆپا هەڵبکەم، چونکە سارد بوو، ئیتر چەرخەکەم هەڵکرد و ئاگام لەخۆم نەما."
ئاریان 30 ساڵ زیاترە گاز دەفرۆشێت، دەڵێت، هیچ بوتڵ و تانکییەکی گاز ناتەقێتەوە.
ئاریان رەئووف، گازفرۆشە لە سلێمانی و بە رووداوی گوت: "هۆکاری تەقینەوەی گاز بوتڵەکان نین، بوتڵ ناتەقێتەوە، بەڵکو هۆکارەکە لێچوونە لە سەری مونەزەمەی گاز و لاستیکی دەمی مەمیلەی بوتڵەکان. سەری مونزەمەی گاز هەیە بە سێ هەزار دینارە و هەیە بە چوار هەزار دینارە و هەیە بە 15 هەزارە، بەدڵنیاییەوە جیاوازی هەیە."
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا تەنها لە سلێمانی ئەمە چوارەمین رووداوی تەقینەوەی بوتڵی گازی ماڵان و گازی شۆڤاژە، بەهۆیەوە 15 کەس گیانیان لەدەستداوە و 16 کەس برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ