وەزارەتی کشتوکاڵ: بۆ دامەزراندن لە کەرتی تایبەت 11 هەزار دەرچوو فۆرمیان پڕکردووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

دوای پشووی سەری ساڵ 11 هەزار دەرچووی کۆلێژەکانی کشتوکاڵ بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی کەرتی تایبەت راهێنان دەکەن. بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "دواتر هەر کەس بەگوێرەی پسپۆڕی خۆی دادەمەزرێت."
 
هیوا عه‌لی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە 26-12-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 20ـی ساڵی 2021 کە یاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانە 11 هەزار دەرچووی کۆلێژە کشتوکاڵییەکان بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی کەرتی تایبەت راهێنان بکەن و دواتر دابمەزرێن. 
 
رۆژی 28-6-2022 وەزارەتی کشتوکاڵ فۆرمێکی بۆ پێنج هەزار دەرچووی کۆلێژەکانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، بۆ ئەوەی پڕی بکەنەوە و لەکەرتی تایبەت بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان دابمەزرێن. 
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "کاتێک فۆرمەکەمان راگەیاند پێشبینیمان دەکرد پێنج هەزار کەس فۆرمەکە پڕبکەنەوە، بەڵام زیاتر لە 11 هەزار کەس فۆرمەکەی پڕکردەوە؛ دواتر لە هەموو شار و شارۆچکەکان لیژنەی باڵا پێکهات. ئەو لیژنانە لەگەڵ ئایتی وەزارەت و سەرجەم یەکەکانی کۆلێژەکانی کشتوکاڵ کار دەکەن بۆ ئەوەی پۆلێنی ئەو 11 هەزار کەسە بکەن، چونکە هەندێک کەس پسپۆڕی کشتوکاڵییان نییە و فۆرمیان پڕکردووەتەوە، یان هەندێک دەرچوو پێیان وابووە دامەزراندنەکە لە کەرتی حکومییە و بە هەڕەمەکی فۆرمیان پڕکردووەتەوە. بۆیە دەبێت هەموو ئەوانە جیابکرێنەوە." 
 
بە گوتەی هیوا عەلی، ئەو 11 هەزار کەسە دوای پشووی سەری ساڵ لەسەر ئاستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بە هاوئاهەنگی زانکۆکان راهێنان دەکەن و دواتر ئەو کەسانەی کە پسپۆڕییان هەیە بەگوێرەی شارەزاییان بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکان جیادەکرێنەوە. 
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ، جێبەجێکردنی ئەو یاسایە هەنگاوێکی نوێیە و بە قۆناخ دەبێت، لەمەودوا بەردەوام دەبێت و هەموو سەرپەرشتیارێک فۆرمی پڕکردبێتەوە و بە فلتەردا رۆیشتبێت دادەمەزرێت، واتە ئیدی هیچ کۆمپانیایەک ناتوانێت بۆ سەرپەرشتیاریی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان بە ویستی خۆی خەڵک دابمەزرێنێت.