رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "گرژییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بەرەو خاوبوونەوە دەچن و بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆببنەوە." لەبارەی پرۆژەی ئاشتبوونەوەی سلێمانیش کە سەرۆکی یەکێتی رایگەیاندووە دووپاتی دەکاتەوە، "ئەو پرۆژەیە تەنیا بە سلێمانییەوە ناوەستێت و لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەین بۆئەوەی لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین بگرێتەوە."
رۆژی دووشەممە 26-12-2022 سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و، رایگەیاند، "گرژییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بەرەو خاوبوونەوە دەچن و بڕیارە هەفتەی داهاتوو هەردوولا کۆببنەوە، بەڵام تائێستا کات و شوێنی کۆبوونەوەکە دیارینەکراوە."
سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت، "تیمی هاوبەشی یەکێتی و پارتی خەریکی ئامادەسازی و رێگە خۆشکردنن بۆ کۆبوونەوەی فەرمیی نێوانیان کە تائێستا دیار نییە کۆبوونەوەکە لەنێوان هەردوو سەرۆکی حیزب دەبێت یان لە ئاستی مەکتەبی سیاسی."
لەبارەی نیگەرانییەکانی حیزبەکەی لە پارتی، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گوتی، "هەندێک جار پارتی دەستوەردان لە کاری نێوخۆیی یەکێتیدا دەکات و بە دوو پێوەر کێشەکان هەڵدەسەنگێنێت، جارێکیان پلەی بکوژێک بەرز دەکاتەوە و هاوکات بەدوای بکوژێکیشدا دەگەڕێت بۆ ناشیرینکردنی ناوی یەکێتی، کە ئەمانە کۆمەڵێک بابەتن دەبێت کۆببینەوە و لەسەریان بوەستین، لەبەرئەوەی ئەو دیاردانە لەنێوان دوو هێزی سەرەکی لە حوکمڕانیدا، کاریگەریی نەرێنیی دەبێت."
سەعدی ئەحمەد پیرە دووپاتی کردەوە، "دۆخی دارایی سلێمانی و ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەری پێویستی بە لێکۆڵینەوەیە و خەڵک مافی خۆیانە بزانن کێ هۆکارە بۆ ئەو گەمارۆیە و دەشبێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە." دەشڵێت، "هەموو ئەو کەسانەی شەڕی ناوخۆیان بینی و بە حەرامیان زانی، کێشەی گەورە لە نێوان یەکێتی و پارتیدا نابینن، بەڵام ئەگەر کەسێک خەون بە شەڕی ناوخۆوە ببینێت، هەوڵدەدات شتەکان گەورە بکات کە لەو کەسانە زۆر کەمن، بەڵام هێشتاش هەر ماون."
شەوی 23-12-2022 بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی کۆمەڵێک یانەی شەوانە داخران و نووسینگەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە، "دوای بڕیارەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ داخستنی هەموو ئەو شوێنانەی گەڕەکی سەرچنار کە دوورن لە ئاین، ئاکار و رەوشتی بەرزی کۆمەڵگەی کوردییەوە، سەرۆکى یهکێتى بڕیاری داوە سەرجەم پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان کە پێویست و گونجاون بۆ سەیرانگەی سەرچنار و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ خێزانەکان دابین بکات."
سەعدی ئەحمەد پیرە بە "پرۆژەی ئاشتکردنەوەی سلێمانی" ناوی دەبات و دەڵێت، "خەڵکێکی زۆر لەم دواییانە گلەییان لە بڵاوبوونەوەی قومارخانەکان لە سلێمانی هەبوو کە بوونەتە هۆی ئەوەی گەنجێکی زۆر ئالودەی ببن و خێزانەکەیان مایەپووچ بکەن، هاوکات هەندێک شوێن کراونەتەوە کە بێبەرییە لە شوێنی پشوودان و کات بەسەربردنی هاووڵاتییان و بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی لەشفرۆشی و کاری خراپ کە ئەمەش بووەتە هۆکاری تێکدان و کێشە دروستکردن بۆ خێزانێکی زۆر."
ناوبراو زیاتر روونیدەکاتەوە و دەڵێت، "خەڵک دەمێکە لە رێگەی جیاواز، هەم لە رێگەی مزگەوت و مەلاکان و هەم لە راگەیاندن و سۆشیالمیدیا سکاڵایان هەیە و پێویستبوو بەدواداچوون بکرێت بۆئەوەی چیدیکە ئەم دیاردانە نەبنە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی."
بە گوتەی سەعدی ئەحمەد پیرە، "پرۆژەکە هەر بەمەوە ناوەستێت و نەهێشتنی هەژاری و باشکردنی گوزەرانی خوێندکاران و رەخساندنی هەلی کاریش لەخۆدەگرێت، کە ئەمانە تەنیا بۆ سلێمانی نییە. بافڵ تاڵەبانی هەوڵی ئەوە دەدات لەگەڵ هاوپەیمانەکان لەناو هەرێمی کوردستان کار بکەن بۆئەوەی لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین لێکۆڵینەوە لەم کێشانە بکرێت و چارەسەر بکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ