لە گوڵاڵە رێژەی کورد کەمدەکات و عەرەب زیاد دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی ئامارەکانی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، پێشتر دانیشتووانی گوڵاڵە 45٪ی کورد بوون، بەڵام لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بۆ 10٪ کەمبووەتەوە. 
 
ژمارەی دانیشتووانی گوڵاڵە 101 هەزار کەسە و بە بەراورد بە پێش هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر 10 هەزار کەس زیادیکردووە، بەڵام زۆربەی عەرەبە. هاووڵاتییەک کە پیشەی دووکاندارە دەڵێت "ژمارەی دانیشتووانی عەرەب لە کورد زیاترە، پێشتر پەنجا بە پەنجا بوو، تەنانەت کورد زیاتر لە 50٪ بوو، بەڵام ئێستا نەخێر رێژەکەیان کەمە."
 
پەیامنێری رووداو لەنێو بازاڕی گوڵاڵە لە دانیشتووانە عەرەبەکە پرسیاری کوردەکان دەکات، بەڵام دوای کاژێرێک لە گەڕان کوردێک دەدۆزێتەوە. 
 
سەباح ئەحمەد، دانیشتووی گوڵاڵە بە رووداوی راگەیاند "دراوسێکانم لێرە [گوڵاڵە] بوون، بەڵام چوون بۆ کەلار، سلێمانی و خانەقین، پێشتر هاوڕێی کوردم هەبوو، بەڵام ئێستا هاوڕێکانم عەرەب و تورکمانن."
 
لە ماوەی پێنج ساڵدا 15 هەزار هاونیشتمانی کورد خانەقینیان بەجێهێشتووە لە بەرامبەریشدا لە ناوچەکانی دیکەی پارێزگای دیالە، عەرەب دێنە نێو شارەکە. 
 
کەمبوونەوەی کورد لە سنووری خانەقین تەنها لە سەنتەری شار و شارۆچکەکان نییە، بەڵکو گوندەکانیشی گرتووەتەوە.
 
ئەکرەم حاتەم، جووتیارێکی گوندی مێخاسە لە خانەقین، زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بە گرێبەستی ساڵی 1975 کراوە بەنێوی عەرەبەوە. زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندەکانی دەوروبەریان لەلایەن عەرەبەوە داگیرکراوە و ئێستا چاویان لە زەوی گوندەکەی ئەمانیشە.
 
ئەکرەم دەڵێت "لە ساڵی 1975ـەوە ئێمە راگوێزراوین، تائێستا زەوییەکانمان بەناوی عەرەبەوەیە.. ئەگەر چارەسەر نەکرێت رەنگە زەوییەکانمان لێ وەربگیرێتەوە.. بەڵام هەرچییەک بێت و خوێنبڕژێت ئێمە زەوییەکانمان چۆڵی ناکەین."
 
لەدوای هێرشەکانی 16 ئۆکتۆبەر لە خانەقین 24 گوندی کوردی و لە سنووری شارۆچکەی نەوجول 7 گوند و لە سنووری کوڵەجۆ 4گوند بەتەواوی چۆڵکراون.
 
راوا سەمیر، بەڕێوەبەری نووسینگەی خانەقینی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند "بەڵگەنامەیەک پڕدەکەیەوە و بە واژۆ و رەزامەندی وەزیر دەگوازرێتەوە بۆ نفووس، وەزیرەکەش نازانێت کە ئەو کەسانە لە ناوچە دابڕێندراوەکان نیشتەجێن، ئەو تەنیا واژۆی دەکات کە کەسەکە لە شوێنێکەوە دەچێتە شوێنێکی دیکە.."
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی خانەقینی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەبارەی چۆڵبوونی گوندەکان و کەمبوونەوەی کورد لە ناوچەکە، دەڵێت "ئارامی لە ناوچەکە نییە و خەڵکەکە ناتوانێت شەو لە شوێنێک بخەوێت و هەستدەکات ترسی لەسەرە. هەروەها زەوییە کشتوکاڵییەکانیان داگیرکراوە."
 
لە 28-11-2022 بڕیار لە پێکهێنانەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 درا، کورد بە تاکە چارەسەری ئەو ناوچانەی دەزانێت و عەرەب و تورکمان دژی دەوەستنەوە.