وەزارەتی ناوخۆ: تاوەکو ناوەڕاستی مانگی داهاتوو گەشتکردن بۆ لوبنان قەدەخەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە مەودوا بڕیارماندا بە قەدەخەکردنی گەشتکردنی هاووڵاتیانی عێراق لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی لوبنان.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ شەممە 26-12-2020 بڵاوکراوەتەوە و واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی لەسەرە هاتووە، "قەدەخەکردنی هاتنی کەسانی بیانی لە وڵاتانی لوبنان کە لە دوای 25-12-2020 لەو وڵاتە بوون. جگە لە ئاژانس و رێکخراوەکانی UN و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانان و دیپلۆماتکاران و شاندە فەرمییەکان رێگە پێدراوە بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان."
لە راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، ئەو هاووڵاتیانەی لە وڵاتی لوبنان دەگەڕێنەوە کەرەنتین دەکرێن بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوەش دەدات کە ئەو بڕیارانە لە رۆژی 26-12-2020ـەوە جێبەجێ دەکرێن و تاوەکو 15-1-2021 کاژێر 12:00 بەردەوام دەبێت.
پێشتر لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان گەشتکردنی هاووڵاتیانی عێراقی لەڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی ( بەریتانیا، باشووری ئەفریقا، ئوسترالیا، دانیمارک، هۆڵەندا، بەلجیکا، کۆماری ئیسلامی ئێران و ژاپۆن) قەدەخە کرد. ئەمڕۆش گەشتکردنی هاووڵاتیانی بۆ لوبنان راگەیاند و بەمەش ئێستا هەرێمی کوردستان لەگەڵ 9 وڵات قەدەخەی گەشتکردنی راگەیاندووە.
زیاتر لە دوو هەفتەیە لە وڵاتی بەریتانیا جگە لە ڤایرۆسی باوی کۆرۆنا، کۆرۆنای گۆڕاو بڵاوبووەتەوە، بۆ خۆپارێزیکردن لەو ڤایرۆسە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان رێکارەکانیان تووندکرووەتەوە. جگە لە بەریتانیا لە لوبنانیش کۆرۆنای گۆڕاو تۆمارکراوە و بۆ ئەم مەبەستە حکومەت گەشتکردنی هاووڵاتیانی قەدەخەکرد.