هاونیشتمانییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆبۆتێک دروست دەکات


رووداو - هەولێر  

هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان رۆبۆتێکی تایبەتی دروستکردووە کە بە رۆبۆتی پاسەوان دەیناسێنێت. بەگوتەی خاوەنەکەی، رۆبۆتی پاسەوان دەتوانێ لە مەودای ٥٠ مەترەوە پەرچەکردار بە هەر چەشنەی جووڵە و دەنگێک پێشانبدا و دەنگ و وێنەی ئەو کەسانەش لێکبکاتەوە کە لێی نزیکدەبنەوە.

ئەو رۆبۆتە دەنگ و وێنەی ئەو کەسە تۆمار دەکات کە لێی نزیکدەبێتەوە و هاوکات لەرێگەی ئینتەرنێتەوە پەیوەندی بە مۆبایلی خاوەنەکەی دەکات و راستەوخۆ وێنە و دەنگی ئەو شوێنەی بۆ دەگوازێتەوە.

رۆبۆتی پاسەوان لە ئێران بە داهێنانێکی تایبەت تۆمارکراوە و خاوەنی ئەو رۆبۆتە دەڵێت هەفتەی رابردوو لە پێشانگایەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تارانی پایتەختی ئێران، پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.

عەبدوڵڵا حەسەنزادە دەڵێت چوارساڵ کات و 8 ملیۆن تمەنی بۆ دروستکردنی رۆبۆتەکەی تەرخانکردووە، بەڵام بەرپرسان تەنیا لەوحێکی رێزلێنانیان پێداوە و پشتیوانی مادییان لێنەکردووە. تەنانەت بانکەکانیش ئامادەنین بۆ پەرەپێدانی کارەکەی بە قەرزیش، هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی کە بەرهەمەکەی بگەیەنێتە ئاستێکی جیهانی.