رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت پێویستە بازرگان و مافیاکانی مادەی هۆشبەر بەتووندترین شێوە سزابدرێن، بەڵام دەبێت جیاوازی لەنێوان بازرگان و ئاڵوودەبووانیشدا بکرێت.
سێشەممە 26-11-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە شاری هەولێر، لە گوتارێکدا رایگەیاند "بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر پرسێکی گرنگە بەلای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە بەشێوەیەکی زۆر بەرفراوان و هەمەلایەنە کار بۆ قەڵاچۆکردن و رووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە دەکات، کە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر کۆمەڵگەکەمان و زیانی هەمەلایەنەی تەندروستی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئەمنیی لەهەموو بوارەکانی ژیانمان دەدات."
مەسرور بارزانی گوتی "ئێمە، بەهەموو شێوەیەک کار بۆ رێگری لە تەشەنەکردنی ئەم مەترسییە دەکەین، بۆ ئەم مەبەستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان پێکهێناوە، کە ژمارەیەک لە وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان تێیدا بەشدارن."
بەگوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "سندووقێک بۆ پەرەپێدان و شیاندنەوەی تووشبووان و ئاڵوودەبووان دانراوە، دروستکردنی ئەم سەنتەرەش بۆ یارمەتیدانی تووشبووانە، جگە لەوەی ئەم سەنتەرە هەوڵێکە بۆ زیاتر پەرەپێدانی لایەنی هۆشیاریی کۆمەڵگە لە مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە رووبەڕووبوونەوە و سزادانی مافیا و بازرگانانی مادەی هۆشبەر دەکاتەوە و، دەڵێت، "دەبێت جیاوازی لەنێوان بازرگان و ئاڵوودەبووان بکرێت، زۆر بەداخەوە دیاردەکە زۆر زیادیکردووە، راستە جێگەی دەستخۆشییە کە دەبینین ئەو تاوانبارانە دەستگیردەکرێن، بەڵام لە دڵەوە زۆر نیگەرانین، کە دەبینین ئەم دیاردەیە هێندە تەشەنەی کردووە، بووەتە هەواڵی رۆژانە."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی عێراق کرد رێکاری تووندتر بگرێتەبەر و گوتی، "داوام وایە هیچ پاساوێک نەمێنێت کە وابکات چاوپۆشی لەو بازرگان و تاوانبارانە بکرێت. بەڵکو دەبێت هەموو هەوڵێک لەگەڵ رێکخراو و دەزگا نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکان بدەین بۆ ئەوەی جیاوازی لەنێوان قوربانی و بازرگانان بکەین."
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو، دوو هەزار و 200 تۆمەتباری بەکارهێنان و بازرگانی بە مادە هۆشبەرەوە دەستگیرکراون.
مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان ئەرکێکی نیشتمانیی، ئەخلاقی و ئایینی هەمووانە، پێویستە هەمووان لەخێزانەوە تاوەکو ناوەندی پەروەردەیی، ئەکادیمی و رۆشنبیرییەکان، مامۆستا ئایینی و دەزگاکانی راگەیاندن هاوکار و پشتیوانی هەوڵەکانی حکومەت بن و لە رێگەی هەڵمەتی هاوبەش و پێکەوە گەنجان لە مەترسییەکانی ئەم کێشەیە ئاگاداربکەنەوە.
داواشی لە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا کرد، رێکاری تووندتر بگرنەبەر لە تەشەنەکردنی ئەو مادانە لەو شوێنانەی پێویستە شوێنی پەروەردە و فێرکردن بن.
گوتەکانی سەرۆکی حکومەت لەکاتێکدایە ئێستا لە هەرێمی کوردستان، هەرکەسێک ئاڵوودەبووی مادەی هۆشبەر بێت، دەستگیر دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ