سەرۆک بارزانی: کار دەکەین بۆ لابردنی هەموو کێشەکان و نەهێشتنی ناکۆکییەکان

42 خولەک له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی لە هەڤپەیڤینێکدا تیشک دەخاتە سەر دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، دۆخی عێراق و پێشهاتەکانی ناوچەکە.
 
سەرۆک بارزانی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی ئیماراتی کە ئەمشەو پەخش کرا، باسی لە زۆر بابەتی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە کرد.
 
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە سەرۆک بارزانی گوتی، "لە کەشێکی ئارام و بێ هیچ گرفتێک بەڕێوەچوو؛ رێژەی بەشداری تێیدا 72% بوو، ئەوەش دەستکەوتێکی گەورەیە. خەڵکی کوردستان سەری بەرزکردینەوە."
 
سەبارەت بە دانوستاندنەکانی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، سەرۆک بارزانی گوتی، "لیژنەیەکی پسپۆڕمان بۆ پەیوەندیکردن بە هەموو لایەنەکانەوە پێکهێناوە، لە نێویاندا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ڤیتۆمان لەسەر کەس نییە، بەڵام یەک خاڵی گرنگمان هەیە، ئەویش ئەوەیە هەڵبژاردن کراوە و ئەنجامەکان روونن. پشت بە شایستەی هەڵبژاردن دەبەستین."
 
سەرۆک بارزانی زیاتر لەو بارەوە قسەی کرد و گوتی، "رێگە بە کەس نادەین مەرج بسەپێنێت و مەرجیش لەسەر کەس ناسەپێنین. ئەوەی روونە ئەوەیە کە دەبێت یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکومەت و یەک هێزی پێشمەرگە هەبێت."
 
لەبارەی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی، سەرۆک بارزانی رایگەیاند، "هیچ ناکۆکییەک نییە ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی وڵات و هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام کاردەکەین بۆ لابردنی هەموو کێشەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان."
 
سەبارەت بە دەستووری هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی گوتی، پڕۆژەی "دەستووری کوردستان داڕێژراوە و ئامادەیە، ساڵانێکی زۆر کاری جیدی لەسەر کراوە، تەنیا چەند بڕگەیەکی  زۆر کەمی ماوە و لەماوەیەکی زۆر کورتدا دەگەنە داڕشتنی کۆتایی دەستوور."
 
پرۆسەی سەرژمێری رۆژانی 20 و 21 و 22ی ئەم مانگە لە عێراق و باشووری کوردستان کرا. سەبارەت بە ئەگەری مەترسییەکانی ئەو پرۆسەیە لە ناوچە دابڕاوەکان، لەوانەش کەرکووک، سەرۆک بارزانی رایگەیاند، دڵنیاییان وەرگرتووە کە ئەو سەرژمێرییە پەیوەندی بە یەکلاییکردنەوەی ناوچە دابڕاوەکانەوە نییە، بەڵکو بۆ پەرەپێدانە و هیچ کێشەیەکیش لەوەدا نابینن.
 
سەرۆک بارزانی باسی دوایین سەردانی خۆی بۆ بەغدا کرد و ئاماژەی بەوەکرد، سەردانەکە بەربەستی شکاند و لەسەر نەخشە رێگایەک رێککەوتوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گوتی، "سەردانەکە کەشێکی ئەرێنی لەنێوان هەولێر و بەغدا دروستکرد. ئێستا کرانەوە لەنێوان هەولێر وبەغدا هەیە و پەیوەندییەکی باش لەنێوان هەردوو سەرۆکوەزیران فیدراڵی و هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشە هەیە و چاوەڕێی چارەسەرکردنین. ئەگەر نیاز و ویست هەبێت، زۆر بە ئاسانی کێشەکان چارەسەر دەبن."
 
سەرۆک بارزانی راشیگەیاند، هەندێک کەس لە بەغدا هەن دەیانەوێت رۆڵی هەرێمی کوردستان کەم بکەنەوە، بەڵام دەستوور دادوەرە و گوتی، هەر بڕیارێک پێچەوانەی بڕیاری دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بێت، رەتی دەکەنەوە.
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، تەرخانکردنی 12.67% لە یاسای بودجەدا پشکێکی نادادپەروەرانەیە بۆ هەرێمی کوردستان.
 
لەبارەی گەڕانەوەی رەوتی سەدر بۆ نێو پرۆسەی سیاسی، سەرۆک مەسعود بارزانی گوتی، "ئەگەر بزانم دەستپێشخەرییم بۆ گەڕانەوەی رەوتی سەدر سوودی دەبێت، ئەوا دەستپێشخەری رادەگەیێنم"؛ باسی ئەوەشی کرد کە محەممەد شیاع سوودانی مافی خۆیەتی بۆ خولی دووەم خۆی بەربژێر بکاتەوە. 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی باسی مانەوە و کاری پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "ئۆزیسیۆنی کوردی ئێران 40 بۆ 50 ساڵە هاتوونەتە عێراق، دەستوەردانیان لە کاروباری نێوخۆی هەرێمی کوردستان نەکردووە و رێز لە یاساکانی هەرێمی کوردستان دەگرن؛ هەندێک بارەگای سادەیان لەسەر سنوور هەبوو. ئێرانییەکان پێیانوابوو  هەڕەشەن بۆسەریان، بۆیە رێککەوتنی سێقۆڵی لەنێوان هەرێمی کوردستان، بەغدا و ئێرانییەکان کرا بۆ کشانەوەی ئەو یەکانە لە سنوور و کێشەکە کۆتایی هات."
 
سەبارەت بە پەکەکە، سەرۆک بارزانی گوتی، "پەکەکە خۆی بە فەرمانڕەوای ناوچە دەزانێت، گوێڕایەڵی هەرێمی کوردستان نابێت و دانیشی پێنانێت؛ ئەوەی هەرێمی کوردستان داوای لێدەکات جێبەجێی ناکات. ئەگەر پەکەکە وەک ئۆزیسیۆنی ئێران مامەڵە بکات، لە ماوەی 24 کاژێردا ئەو کێشەیە لەگەڵ تورکیا چارەسەر دەبێت."
 
سەرۆک بارزانی رایگەیاند، تورکیا و ئێران دراوسێی هەرێمی کوردستان و عێراقن و گوتی، ئەوان دوو دەوڵەتی گرنگی ناوچەکەن و بە هیچ شێوەک لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا نییە پەیوەندییەکانی گرژ و ناسرووشتی بن. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا پەیوەندییەکان بەرەو باشتر دەڕۆن و پەیوەندییەکی سرووشتییان لەگەڵ هەردوولا هەیە.
 
سەبارەت بە ئیدارەی نوێی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو، "شتێکی راستەوخۆی تایبەتمان لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژدراو نییە، بەڵام بەگشتی پێشبینی دەکەین دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان گۆڕانکاریی بەسەردا بێت؛ دەبێت چاوەڕێ بکەین تاوەکو دەسەڵات وەردەگرێت و بزانین چۆن مامەڵە دەکات."
 
سەبارەت بە هەوڵەکانی هەندێک گرووپ بۆ پەلکێشکردنی عێراق بۆ نێو ئەو جەنگەی ئێستا هەیە و هەوڵەکانیش بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە جەنگەکە، سەرۆک بارزانی گوتی، "هۆشمەند و دانایان لە بەغدا رۆڵیان هەیە. سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆڵی هەبووە؛ بەگوێرەی توانا ئێمەش هاوکاریمان کردوون. بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە پەلکێشی ئەم جەنگە بێت. نازانم کێ لەو کارە سوومەندە، بەڵام زیانمەندی یەکەم عێراق دەبێت."
 
سەبارەت بەو هێرشانەی لە خاکی عێراقەوە دەکرێن، سەرۆک بارزانی گوتی، "جگە لە زیان هیچ سوودێکی بۆ عێراق نییە."
 
دەربارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و مەترسی بەهێزبوونەوەی داعش، سەرۆک بارزانی گوتی، "تاوەکو ئێستا داعش هەڕەشەیەکی جدییە. بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان پێش ئامادەیی تەواوەتی هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، رەنگە ئەو کارە ببێتەهۆی ئەوەی جارێکی دیکە داعش بگەڕێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دواکەوتنی مووچە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر جموجۆڵی بازاڕ دروستکردووە.

کاریگەریی نەهاتنی مووچە؛ دووکاندارێک دەڵێت ئەوەی پارەیشی هەیە ناوێرێ خەرجی بکات

بازاڕی شێخەڵڵا کە دەکەوێتە شاری هەولێر، بۆرسەی خۆراکی وشکەی هەرێمی کوردستانە، نزیکەی مانگێکە بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە کڕیار لە بازاڕەکە کەمبووەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کەلوپەلی ئەو بازاڕە پێویستیی رۆژانەی خەڵکن.