خوێندنی باڵا: نزیکەی 700 دەرچووی دیکە لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، ئەو قوتابییانەی بەهۆی هەڵەی تەکنیکی و هەڵەی پڕکردنەوەوە ناویان لە هیچ زانکۆ و پەیمانگەیەک نەگەڕابووەوە، هەڵسەنگاندن بۆ داواکارییەکانیان کرا و نزیکەی 700 خوێندکارى دیکە وەرگیران.
 
رۆژی سێشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2024 وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا دەرگای پێشکێشکردنی بۆ ئەو دەرچووانەی 12ی ئامادەیی کردەوە کە ناویان لە هیچ شوێنێک نەگەڕابووەوە، لە ئەنجامدا 698 قوتابى لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.
 
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "دەرچووەکان بە شێوازى زانکۆلاین، پارالێڵ و ئێواران ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەپێى کۆنمرەکانیان بۆ ساڵى خوێندنى (2024 - 2025) گەڕایەوە."
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای راگەیاندنی ئەنجامی زانکۆلاین، ژمارەیەک قوتابی کە ناویان نەگەڕابووەوە، داواکارییان پێشکێش کرد.
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا باسی لەوە کرد، "نزیکەی 13 هەزار کورسی بە بەتاڵی مابوونەوە. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داواکاریی خستەوە بەردەمی ئەو دەرچووانەی ناویان نەگەڕابووەوە، ئەوانیش لە چەند رۆژی رابردوودا داواکاریی خۆیان پێشکێش کرد، بۆیە 698 دەرچووی دیکە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان وەرگیران."
 
بە گوتەی عەباس ئەکرەم، ئێستا "100%ی دەرچووانی 12ی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون."
 
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، 56 هەزار 130 قوتابی لە پۆلی 12 دەرچووبوون؛ 41 هەزار و 277 دەرچووی بەشی زانستی، 13 هەزار و 514 دەرچووی بەشی وێژەیی، 410 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و 902 دەرچووی پیشەیی.
 
بۆ بینینى لیستى ناوەکان کلیک بکە