سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر: جنێودان بە کاپتنی کۆچکردوومان سەرکۆنە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
ئامەدسپۆر سەرکۆنەی جەماوەری یانەی ئینەگۆل سپۆری کرد بەوەی هوتافیان لە دژی کاپتنی کۆچکردووی یانەکە، شێخموس ئۆزەر گوتەوە.
لە خولی یانە پلە دووەکانی تۆپی پێی تورکیادا ئامەدسپۆر و ئینەگۆل سپۆر دوای نیوەڕۆی شەممە، 25-11-2023 لە یاریگەی ئینەگۆل لە پارێزگای بوورسە رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. هەردوو یانە بێ گۆڵ یەکسان بوون. لە کاتی یارییەکەدا جەماوەری یانەی ئینەگۆل چەندین دروشم و هوتافی نەژادپەرستانەیان گوتەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناڕەزایی خەڵکی بەدواوە هات. بەشێک لەو هوتافانە لە دژی شێخموس ئۆزەر، کاپتنی کۆچکردووی یانەی ئامەدسپۆر بوو.
دوای یارییەکە سەردار بۆزکورت، راهێنەری ئامەدسپۆر بە میدیاکانی گوت، "ئەو دروشمانەی لەبارەی شێخموز ئۆزەر گوترانەوە ئێمە و تیپەکەمانی نیگەران کرد. شێخموز ئۆزەر بۆ خەڵکی دیاربەکر و ئامەدسپۆر یاریزانێکی زۆر بەهادار بوو. ئێستاش ژوورەکەی دەستکاری نەکراوە. ئێمە زۆر نیگەران بووین بەوەی جنێویان پێیدا، با ئەمە لێرەوە رابگەیەنم."
هەروەها عەزیز ئەلاڵدی، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "ئەم جامە بۆ کاپتنمان بەرزدەکەینەوە. ئەو هوتافە خراپەی جەماوەر سەرکۆنە دەکەین."
سەرۆکی ئامەدسپۆر سوپاسی یاریزانانی کرد بۆ ئەو یاریەی کردیان و دەڵێت، "با یاریی داهاتووی بەرامبەر کاستامۆنو ببێتە دەسپێکێک. با یاریگە پڕ لە هاندەر بکەین. ئامەد هەڵوێستە و شوناسە."
شێخموس ئۆزەر ساڵی 1980 لە ئامەد لەدایکبووە. کاپتنی یانەی ئامەدسپۆر بوو و یاریزانێکی کاریگەر بوو. شێخموس 19-12-2016 لەکاتی گەڕانەوەی لە ئاهەنگی بوک گواستنەوەی هاوڕێیەکی لە مەلەتی بۆ ئامەد، تووشی رووداوێکی هاتوچۆ بوو و گیانی لەدەستدا. ناوی ئەو یاریزانە بووەتە سیمبولی یانەی ئامەدسپۆر.
خولی پلە دووی تورکیا بەبەشداریی 38 یانە بەڕێوەدەچێت، یانەکە کراونەتە دوو کۆمەڵە، کۆمەڵەی سپی و کۆمەڵەی سوور و هەر کۆمەڵەیەک لە 19 یانە پێکدێت.
ئامەدسپۆر لەم وەرزەی خولی پلە دووی تورکیا لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سووردا یاریی دەکات، ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکات و لە دوای ئەنجامدانی 11 یاری، یانەکە بەبێ هیچ دۆڕانێک و بە کۆکردنەوەی 29 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە.
هاندەرانی ئەو یانەیەی باکووری کوردستان ماوەی حەوت ساڵە مافی ئەوەیان نییە لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگەی یانەکە پاڵپشتیی تیپەکەیان بکەن، هەرچەند قەدەخەکە هەڵگیراوە، بەڵام بەهۆی گوشاری هاندەرانی یانەکانی بەرامبەریان، تائێستا لە شارەکانی تورکیا رووبەڕووی رێگری دەبنەوە.