خانووەکانی شاری خۆیی رۆژهەڵاتی کوردستان نۆژەندەکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ورمێ دەڵێت، تاوەکو 45 رۆژی دیکە نۆژەنکردنەوەی خانووە رووخاو و زیان بەرکەوتووەکانی پارێزگاکەی تەواو دەبێت. ساڵی رابردوو بوومەلەرزە لە باکووری پارێزگای ورمێ زیانی بە 30 هەزار خانوو گەیاند.
محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ، رۆژی شەممە رایگەیاند، هەموو ئەو خانووانەی زیانێکی کەمیان بەرکەوتبوو، نۆژەنکراونەتەوە، 3 هەزار و 220 خانوو کە 80٪ زیانیان بەرکەوتبوو رووخێنراون و هەزار و 700 خانوویان دروست کراونەتەوە.
بەگوتەی محەممەد سادق موعتەمدیان، "لە رێگەی بیمەوە 13 هەزار خانووی قەرەبوو کردووەتەوە و ئەو خانووانەش کە زیانیان بەرکەوتووە یان رووخاون، بەڵام هێشتا قەرزی بانکییان پێنەدراوە، تاوەکو مانگێکی دیکە قەرزی پێویستیان پێدەدرێت."
ساڵی رابردوو سێ بوومەلەرزە لە رۆژەکانی 05.10.2022، 18.01.2033 و 28.01.2023 ناوچەی خۆی، باکووری پارێزگای ورمێیان هەژاند، گوڕی ئەو بوومەلەرزانە زیاتر لە 5 پلەی رێختەر بوون و زەرەر و زیانی زۆریان بە خەڵک گەیاند.
لە بوومەلەرزەکانی ساڵی رابردووی باکووری پارێزگای ورمێدا، نزیکەی دوو هەزار و 500 کەس بریندار بوون و سێ کەسیش گیانیان لەدەستدا.
بوومەلەرزە لە ناوچەیەکی سارد و لە ساردترین کاتەکانی ساڵدا روویدا و بەرپرسان بەڵێنیاندا پێش هاتنی وەرزی سەرما، خانووە زیان بەرکەوتووەکان چاک بکەنەوە.