لەگەڵ رەنج؛ ئەم ساڵ وەزارەتی كشتوكاڵ بنەتۆوی گەنمی نەدایە جووتیاران ‏

26-11-2023
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بارانی هەفتەی رابردوو وای کرد لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پەڵە بدات و بەشێک لە جووتیاران بنەتۆویان لە بازاڕ کڕیوە بۆ چاندن و بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنان ‌و پەسندكردنی ‏بنەتۆو لە كشتوكاڵی سلێمانیش دەڵێت، ئەم ساڵ نەمانتوانیوە بنەتۆو بەسەر جووتیاراندا دابەش بکەین، هاوکات ئەندامێکی لیژنەی كشتوكاڵی خولی پێنجەمی ‏پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بە چەندین جۆری بنەتۆو لە بازاڕ دەدات و دەشڵێت؛ "جووتیار سەری لێ شێواوە و نازانێت کام جۆری بنەتۆو بۆ زەوییەکەی گونجاوە".
 
رۆژی یەکشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2023، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی زانا محەممەد، ئەندامی لیژنەی باڵای تۆماری بنەتۆ لە وەزارەتی ‏كشتوكاڵ؛ هەڵكەوت لالە ئەنوەر، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە خولی پێنجەمی ‏پەرلەمانی كوردستان؛ پشتیوان حەمەعەلی، بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنان ‌و پەسەند كردنی ‏بنەتۆ لە كشتوكاڵی سلێمانی؛ د. رێكەوت رەحمان، مامۆستا لە كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سەڵاحەدین و هەڵكەوت محەممەد، گوتەبێژی رێكخراوی یەكێتیی گشتیی جووتیارانی ‏كوردستان گرفتی دابەشنەکردنی بنەتۆو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا.
 
 
بنەتۆو هۆکاری سەرەکییە "بۆ زیادبوونی بەرهەم"
 
‏زانا محەممەد، ئەندامی لیژنەی باڵای تۆماری بنەتۆو لە وەزارەتی ‏كشتوكاڵ بنەتۆو بە هۆکاری سەرەکی دەزانێت بۆ زیادبوونی بەرهەمی گەنم و دەشڵێت، بەهۆی چاودێری و توێژینەوەکانیان بەرهەمی دانەوێڵە لە ماوەی ساڵی 2003 بۆ ئێستا لە یەک دۆنم زەویدا بە رێژەی بەرچاو زیادیکردووە. 
 
زانا محەممەد دەڵێت: "ئێمە چەندین ساڵە لە پارێزگای سلێمانی راهێنانمان بە جووتیاران کردووە بە چ شێوەیەک بنەتۆو هەڵبگرن بۆ ساڵی داهاتوو، بەڵام ئەو شێوازەی کە جووتیار بەشێک لە بەرهەمی ئەم ساڵی وەکو بنەتۆو هەڵبگرێت بۆ ساڵی داهاتوو، لەڕووی زانستییەوە کاریگەری لەسەر رێژەی بەرهەمهێنانەوەی گەنمەکە دەبێت و ساڵ لەدوای ساڵ بەرهەمی کەمتر دەبێتەوە".
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای تۆماری بنەتۆ لە وەزارەتی ‏كشتوكاڵی پێیوایە، "بنەتۆو یان تۆوی باوەڕپێکراو 51٪ کاریگەری هەیە لەسەر رێژەی بەرهەمهێنان، ئەو 49٪ـەی دیکەش دەگەڕێتەوە بۆ کاتی چاندن و جۆری خاک و خزمەتکردن و کەشوهەوا، بۆیە ئەگەر تۆوێکی باش نەدرێتە جووتیار، بەرهەمەکەی ستاندارد نابێت".
 
بە گوتەی زانا محەممەد؛ ساڵی 2003 کە دەستمان کرد بە پرۆژەی توێژینەوە و تۆمارکردنی بنەتۆو، بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە دۆنمێکدا 250 بۆ 300 بوو، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە زیادی کردووە و دیسانیش بەس نییە و دەکرێ بەپێی ئەو تواناییانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، رێژەکە بۆ چەند هێندەی دیکە بەرزبکرێتەوە".
 
ئەو بنە تۆوانەی لە بەغدا پەسند کراون "بۆ هەرێمی کوردستان گونجاو نین"
 
ئەندامەکەی لیژنەی باڵای تۆماری بنەتۆ لە وەزارەتی ‏كشتوكاڵ پێیوایە ئەو بنەتۆوانەی لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق مۆڵەتی چاندنیان پێ دراوە، لەبەر ئەوەی لەگەڵ ژینگە و خاکی هەرێمی کوردستان بەراورد نەکراون و توێژینەوەیان لەسەر نەکراوە، گونجاو نییە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەکاری بهێنن.
 
زانا محەممەد دەڵێت؛ "چاندن لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی زانستی نییە، هەر لە چاندنەوە تاوەکو کۆکردنەوە، پشکنینی تاقیگەیی خاک، رشاندنی قڕکەر و تەکنەلۆژیای چاندن. ئەوەش بووەتە هۆی دابەزینی بەرهەم، بەڵام جۆری بنەتۆویش رۆڵێکی کاریگەر لە ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم دەبینێت".
 
وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ "ئەو بنەتۆوانەی لە بەغدا مۆڵەتی چاندنیان پێدراوە، لەگەڵ ئەوە نین بهێندرێنە هەرێمی کوردستانەوە، لەبەر ئەوەی بۆ ژینگەی هەرێمی کوردستان ناگونجێن، بۆیە ئەگەر ئەو بنەتۆوانە لەلایەن جووتیارانی ئێمەوە بچێندرێن، تووشی زیانیان دەکات".

 

 
وەزارەتی کشتوکاڵ ئەنجامی توێژینەوەکانی "بە جووتیاران ناڵێت"
 
هەڵكەوت لالە ئەنوەر، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە خولی پێنجەمی ‏پەرلەمانی كوردستان رەخنە لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەگرێت کە ئەو بنەتۆوانەی توێژینەوەی لەسەر کراوە بۆ چ ناوجەیەک گونجاون، ئەنجامەکەی بە رێنمایی ناداتە جووتیاران.
 
هەڵکەوت لالە ئەنوەر دەڵێت, "ئەم ساڵ سنووری شارەزوور لە هەموو شوێنێک زووتر پەڵەی دا و بەشێکی زۆری خەڵک خەریکی تۆو وەشاندنن، تازە ئەگەر حکومەت بنەتۆویشیان بەسەردا دابەش بکات سوودی نییە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی کشتوکاڵ نزیکەی شەش جۆری بنەتۆوی پەسند کردووە، دەبێ وەزارەت رێنمایی بدات بە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کە هەر کامەیان چ جۆرێک لەو بنەتۆوانە بچێنن و لە رێگەی میدیاکانەوە ئاگاداریان بکەنەوە، بەڵام ئەوە نەکراوە".
 
لە بەرامبەردا زانا محەممەد، ئەندامی لیژنەی باڵای تۆماری بنەتۆ لە وەزارەتی ‏كشتوكاڵ، دانی بەوە دانا کە ئەوان لەڕووی هۆشیارکردنەوە و رێنماییدان بە جووتیاران بەتایبەت لە رێگەی میدیاکان لاوازن و دەشڵێت؛ "بەتایبەت لە گەیاندنی ئەنجامی توێژینەوە زانستییەکان، وەزارەتی کشتوکاڵ خەمسارد بووە و ئەوە یەک لە خاڵە لاوازەکانی ئێمەیە".
 
جووتیار نازانێت "کام جۆرەی بنەتۆو لە بازاڕ بکڕێت"
 
هەڵكەوت لالە ئەنوەر باس لە فرەجۆری بنەتۆو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکات کە جیاوازییەکی زۆر لە نرخەکانیان دا هەیە و دەڵێت، ئەمە سەری لە جووتیار شێواندووە.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی كشتوكاڵ لە خولی پێنجەمی ‏پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، "بنەتۆو لە بازاڕ لە 700 دۆلارەوە هەیە تا دەگاتە دوو هەزار و 100 دۆلار، ئەو جیاوازییە لە نرخەکان وای کردووە جووتیار لەکاتی کڕینیدا سەری لێ بشێوێت".
 
هەڵکەوت لالە ئەنوەر پێشنیاز دەکات، وەزارەتی کشتوکاڵ چاودێری بەسەر ئەو کۆمپانیایانەدا هەبێت کە بنەتۆو هاوردە دەکەن و هەر کۆمپانیایایەک ویستی بۆ ساڵی داهاتوو هەر بنەتۆوێک بهێنێت، ئەم ساڵ تەنێک لەو بنەتۆوە بداتە وەزارەت بۆ ئەوەی توێژینەوەی لەسەر بکرێت.

 

 
حکومەت بۆ ئەم ساڵ "بنەتۆوی نەداوەتە جووتیارانی سلێمانی"
 
پشتیوان حەمەعەلی، بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنان ‌و پەسندكردنی ‏بنەتۆو لە كشتوكاڵی سلێمانی رایگەیاند، "ئێستا بەشێکی زۆری زەوییەکان لە پارێزگای سلێمانی داچێنراون و ناتوانین بڵێین جووتیاران بنەتۆویان لا نییە، لەبەر ئەوەی زۆربەیان بنەتۆویان بەشی ئەم ساڵ گلداوەتەوە".
 
پشتیوان عەلی گوتی، "ساڵانێکی زۆرە دابینکردنی بنەتۆو لە ئەستۆی بەشی بەرهەمهێنان ‌و پەسەند كردنی ‏بنەتۆوە لە کشتوکاڵی سلێمانی، هەموو ساڵێکیش بنەتۆومان بۆ جووتیاران دابین کردووە، بەڵام ئەم ساڵ لەمانتوانی بنەتۆویان پێ بدەین".
 
بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنان ‌و پەسندكردنی ‏بنەتۆو لە كشتوكاڵی سلێمانی روونیدەکاتەوە؛ "ساڵی رابردوو کارگەیەکی پاککردنەوەی بنەتۆومان بە تێچووی دوو ملیار دینار لە سلێمانی کردەوە، ئەو کارگەیە کوالێتیی زۆر بەرزە و پار دوو هەزار تۆن گەنممان پێ پاککردەوە کە بە نرخی پاڵپشتیکراو لە جووتیارانمان وەرگرت و بە نرخی پاڵپشتیکراویش دامانەوە جووتیاران".
 
بە گوتەی پشتیوان عەلی، "ئەم ساڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان کێشەیەکمان بۆ دروستبوو لەسەر چۆنییەتی خەرجکردنی پارەی 2٪ـەکە، تەنانەت تاوەکو ئێستا بەشێکی پارەی بنەتۆوی پاری جووتیارانیشمان نەداوە".
 
 
لە هەرێمی کوردستان "بنەتۆوی باش هەیە"
 
مامۆستایەکی بەشی کشتوکاڵی زانکۆی سەلاحەدین پێیوایە لە هەرێمی کوردستان بنەتۆوی باش و بەهێز هەیە، بەڵام کەمیی بارانبارین و نەبوونی زانیاریی جووتیاران لەسەر جۆری بنەتۆوەکان و ژینگە و زەوییەکانی خۆیان وای کردووە زۆر جار ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم لە زەوییەکانیان کەم بێت.
 
د. رێكەوت رەحمان، مامۆستا لە كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سەڵاحەدین دەڵێت؛ "لە کوردستان بنەتۆوی باش هەیە و ئەوەش کە کێشەی بۆ دابەزینی رێژەی بەرهەمهێنان دروستکردووە، رێژەی باران بارینە، واتا هەرچەند رێژەی باران بارین کەم ببێتەوە، بڕی بەرهەمهێنانی گەنمیش دادەبەزێت، بەڵام جۆری بنەتۆو راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بڕی بەرهەمهێنان هەیە".
 
بە گوتەی ئەو مامۆستایە؛ "ئەو بنەتۆوەی جووتیار دایدەچێنێت، بەر لە داچاندنی دەبێت زانیارییەکی باشی هەبێت لەسەر زەوییەکەی خۆی و کەشوهەوای ناوچەکەی، لەبەر ئەوەی شوێن و کەشوهەوا و جۆری بنەتۆوێک کە لەو شوێنە دەچێنرێت، راستەوخۆ پەیوەندی بە رێژەی بەرهەمهێنانی گەنمەوە هەیە، بۆ ئەمەش دەبێت ناوەندە زانستییەکان بە بەردەوامی رێنمایی بە جووتیاران بدەن بۆ ئەوەی باشترین بەرهەمیان هەبێت".
 
د. رێکەوت رەحمان باس لەوە دەکات کە "ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بنەتۆوی بازرگانی هەیە کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، ئەو بنەتۆوانە بەشێکیان بە قاچاخ دێنە هەرێمی کوردستانەوە و دیار نییە ئایا تەندروستە یان بۆ ئەوە دەبێت دایبچێنیت، چونکە بەشێکیان پشکنینی زانستییان بۆ نەکراوە".

 

 
کڕینی بنەتۆو لە بازاڕ "وەک قومارکردنە"
 
هەڵكەوت محەممەد، گوتەبێژی رێكخراوی یەكێتیی گشتیی جووتیارانی ‏كوردستان دەڵێت؛ "ئەو بنەتۆوەی جووتیاران لە بازاڕ دەیکڕن متمانەپێکراو نییە، لەبەر ئەوەی دڵنیا نییە ئاخۆ ئەو بنەتۆوە تەندروستە یان نەخۆشیی هەیە، دیار نییە ئاخۆ دەرمان کراوە؟"
 
هەڵکەوت محەممەد دەشڵێت، "کڕینی بنەتۆو لە بازاڕ وەک قومارکردن وایە بۆ جووتیار، تەنانەت ئەگەر جووتیار بنەتۆو لە بەرهەمەکەی خۆی هەڵبگرێتەوە بۆ ساڵی داهاتوو، دڵنیاترە لەوەی لە بازاڕ دەیکڕێت."
 
بەشێک لە جووتیاران "متمانەیان نییە گەنم بچێنن"
 
گوتەبێژی رێكخراوی یەكێتی گشتیی جووتیارانی ‏كوردستان دەڵێت، جووتیاران بۆ چاندنی گەنم زیاتر پشت بە ئاوی باران دەبەستن، بۆیە بەشێک لە جووتیاران متمانەیان بە بارانەکەی هەفتەی رابردوو نییە و چاوەڕوانن شەپۆلێکی دیکەی باران ببارێت بۆ ئەوەی گەنمەکەیان بچێنن.
 
هەڵکەوت محەممەد گوتی، "کێشەی هەرە گەورەی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان کەمئاوییە، جووتیارانی ئێمە 70٪ پشت بە باران دەبەستن، چەند ساڵێکیشە تا دێت رێژەی بارانبارین کەمتر دەبێتەوە، ئەم ساڵیش باس لەوە دەکرێت پەڵەی داوە، بەڵام پەڵەدان واتای ئەوەیە شێی سەر زەوی و ژێر زەوییەکە بگەنە یەکتر".
 
گوتەبێژی رێكخراوی یەكێتی گشتیی جووتیارانی ‏كوردستان دەشڵیت، "لە بارانی یەکەمی ئەم ساڵ ئەو جووتیارانە تۆویان چاندووە کە زەوییەکانیان بەراوە، ئەوانەی کە زەوییەکانیان دێمییە، چاوەڕوانی بارانی دووەمن، لەبەر ئەوەی متمانەیان نییە باران بە رێژەی پێویست ببارێت."

 

 

 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."