رووداو دیجیتاڵ
ئەو گەنجەی شەممەی رابردوو لە ئامەدی باکووری کوردستان تەقەی لێکرابوو، ئەمڕۆ یەکشەممە گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە رۆژی شەممە، 25-11-2023 لە شارۆچکەی باغڵاری سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان روویدا. گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ بە ناوی بەرات چۆبان، لەلایەن خزمێکی خۆیەوە بە ناوی (س. چ.) تەقەی لێکرا. بە گوتەی شایەتحاڵان ئەو دوو کەسە کوڕە خاڵ و کوڕە پووری یەکدین و پێشتر چەند جارێک دەمەقاڵێ لە نێوانیان دروستبووە، بەڵام هێشتا نەزانراوە ئەو دەمەقاڵێ و کێشانەی نێوانیان لە چییەوە سەرچاوەیان گرتووە.
رۆژی شەممە دەمەقاڵێی نێوانیان سەری کێشاوە بۆ شەڕ و (س. چ.) بە تفەنگ تەقەی لە بەرات کردووە و رایکردووە. بەرات کە بە سەختی بریندار ببوو، لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتن گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و خرایە ژێر چاودێریی پزیشک، بەڵام ئەمڕۆ یەکشەممە لە هەمان نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی بۆ توێکاری رەوانەی دادپزیشکی کرا.
تیمەکانی پۆلیس دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک کردووە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبار.
بەگوێرەی راپۆرتی دەزگای ئوموت، ساڵی 2022 لە 3 هەزار و 984 رووداوی شەڕدا لە باکووری کوردستان و تورکیادا چەک بەکارهێندراوە. لەو رووداوانەدا 2 هەزار و 278 کەس کوژراون و 4 هەزار و 231 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئایهان ئاکجان، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی دەزگای ئوموت جەخت لەسەر زۆربوونی چەکی بێ مۆڵەت لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکاتەوە و دەڵێت: "بەرامبەر هەر چەکێکی بە مۆڵەت، 9 چەکی بێ مۆڵەت هەیە. بە گشتی لە وڵاتەکەماندا 4 ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو هەیە. لە بەرامبەردا نۆهێندە چەکی بێ مۆڵەت هەیە کە مەزەندە دەکرێت ژمارەیان 36 ملیۆن چەک بێت. ئەمە بەو مانایە دێت لە هەر سێ ماڵ یەکێکیان چەکی لێیە".
هەر بەگوێرەی راپۆرتی دەزگای ئوموت رۆژانە لە باکووری کوردستان و تورکیادا 10 کەس گیان لەدەستدەدەن و 20ی دیکەش بریندار دەبن. هەورەها ساڵانە چەک دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی 5 هەزار کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ