هاوڕێ ئەنوەر: خۆم بە کوڕی مەحموود فەتاح نازانم بەڵام دەستکاریی پشکنینەکەم کراوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگە رایگەیاند، بەگوێرەی پشکنینی DNA، هاوڕێ ئەنوەر ناسراو بە کوردەوان هەڵەبجەیی "کوڕی مەحموود هەڵەبجەیی نییە، ئەویش کە پێیوایە پشکنینەکانی گۆڕدراون، دەڵێ "خۆم بە کوڕی مەحموود فەتاح نازانم.''
رۆژی یەکشەممە 26-11-2023، کوردەوان هەڵەبجەیی، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە رێبوار عەلی پێشکێشی دەکات، بڕیارەکەی دادگەی باری کەسێتیی هەڵەبجە کە ئەمڕۆ دەرچوو بە "ستەم" وەسف دەکات و دەڵێت، "دەستکاری پشکنینەکانم کراوە و بەڵگەیەکی دەنگیم لایە کە چوار هەفتە پێش پشکنینەکە، محەممەدی برای مەحموود لەگەڵ پزیشکێک قسەی کردووە، واتە "دەستکاری بکە و ئیشی خۆت بکە."
کوردەوان هەڵەبجەیی، دەڵێت "ئەوان منیان نەویست، منیش ئەوانم ناوێت، ئێستا لە ماڵی پوورە ئاشتیمم و لەوێ دەمێنمەوە. تانەم لە بڕیاری دادگە داوە. لەگەڵ ماڵی کاک مەحموود لە هەر شوێنێک پشکنین بکەم، تانەی لێدەدەن. بەپێویستی دەزانم لەسەر ماڵی خوشکی دایکم کەیسەکە بکەمەوە. لام گرنگە تەنیا بۆم بسەلمێنرێت هەڵەبجەییم نەوەک کوڕی مەحموودم، چونکە خۆم بە کوڕی ئەو نازانم. هیچ کەسێکیش نەیگوتووە من هەڵەبجەیی نیم."
وریا عەزیز، پارێزەری مەحموود فەتاح، دەڵێت، "هاوڕێ، کوڕی بایۆلۆجیی مەحموود نییە. بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگەی هەڵەبجە تاوەکو ئێستا تانەی لێنەدراوە، بەڵام مافی تەمیزکردنەوەی ماوە."
لەبارەی کاردانەوەی مەحموود فەتاح بۆ بڕیارەکەی دادگەی باری کەسێتیی هەڵەبجە، وریا عەزیز دەڵێت "مەحموود فەتاح بە بڕیارەکە زۆر دڵخۆش بوو. ئەم بابەتە زۆر گوشاری لەسەر بوو، ئەم بڕیارە سەلماندی قسەکانی مەحموود راستن."
حاکم محەممەد، لە دادگەی باری کەسێتیی هەڵەبجە، بە رووداوی گوت "بەپێی ئەو پشکنینەی بۆمان هاتووە، هاوڕێ ئەنوەر هیچ پەیوەندییەکی خزمایەتیی لەگەڵ مەحموود فەتاح نییە. بڕیارەکەی دادگەش شایانی تەمیزکردنە."
"باوەڕم بە بڕیارەکەی دادگەی هەڵەبجە نییە"
ئاشتی کەریم، پووری کوردەوان، رەتیدەکاتەوە دوای بڕیارەکەی دادگەی باری کەسیێتیی هەڵەبجە، دەستبەرداری کوردەوان ببن. "دوای بڕیارەکەش کوردەوان هەر بە کوڕی خوشکی خۆم دەزانم. پاڵپشتی دەکەم، بڕواشم بە بڕیارەکەی دادگەی هەڵەبجە نییە. خۆم چووم بۆ بەغدا و پشکنینمان کرد و لە دادگەی هەڵەبجە گوتیان ئەوە کوڕی مەحموودە. کوردەوانیش دوای دەرچوونی ئەنجامی پشکنینەکان، رێگەم دا بێتە نێو خێزانەکەم."
وەک پووری کوردەوان باسی دەکات، کوردەوان چەند نیشانەیەکی هەن کە دەری دەخەن کوڕی مەحموودە. نیشانەیەکی سووتان هەیە کە لەدەستییەتی. نیشانەیەکی دیکەش هەیە لەنێوان برۆکانی. لە پشتگوێی کوردەوان نیشانەیەکی دیکەش هەیە. "باوکی و مامیشی دەزانن کوردەوانە، بەڵام ئەوان دەزانن بۆچی قبووڵی ناکەن. داوا لە حکومەت دەکەم بێتە سەرخەت و ئەم کەیسەم بۆ یەکلایی بکاتەوە."
هاوڕێ ئەنوەر ئەو منداڵە دۆزراوەی هەڵەبجەیە کە دوای 35 ساڵ گەڕاوەتەوە. لە سەرەتای ئەم ساڵ رایگەیاند، خێزانەکەی خۆی دۆزیوەتەوە و کوڕی مەحموود هەڵەبجەییە، لە بەغدا و سلێمانیش پشکنینی دی ئێن ئەی کردووە و سەلمێندراوە کە کوڕی ئەو بنەماڵەیە، بەڵام مەحموود بەردەوام رەتیدەکاتەوە کە کوردەوان کوڕی ئەو بێت.
بەگوتەی کوردەوان هەڵەبجەیی کە ئەمڕۆ قسەی بۆ رووداو کردبوو مەحموود هەڵەبجەیی ''نایەوێت بسەلمێنرێت من کوڕی ئەوم، لەبەر مووچەی شەهیدانە. من و دایکم مووچەی شەهیدانەمان هەیە."
مەحموود فەتاح لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە سێ منداڵی بێسەروشوێن بوون، دوو کوڕ و کچێک، پێشتر کوڕ و کچێکی دۆزراوەتەوە بەناوی شکار و ماردین، بەبێ پشکنینی DNA بەو نیشانانەی هەیانبووە وەک منداڵەکانی خۆی قبوڵی کردوون، دوای نزیکەی 20 ساڵ، سکاڵای لەسەر هەردوو منداڵەکە تۆمار کردووە و داوای پشکنینی DNAـی کردووە، دوای ئەوەی ماردین گیان لەدەستدەدات دەست لە سکاڵاکان هەڵدەگرێت، ئێستاش رەتیدەکاتەوە کوردەوان کوڕی ئەو بێت.
تەواوی بەرنامەکەی بەرپرسیار لەبارەی کەیسەکەی کوردەوان هەڵەبجەیی: