رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای مێرگەسۆر رایدەگەینێت، رۆژانە نزیکەی دوو هەزار و 300 گەشتیار لە دەروازەی سنووریی زێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان هاتووچۆ دەکەن. راشیگەیاند: "ئەم ساڵ بە بەهای نزیکەی پێنج ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە کەرتی رێگەوبان و ئاو و کارەبا لەسنووری قەزاکەدا جێبەجێ کراون."
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، ئەم ساڵ لەسنووری قەزای مێرگەسۆر چەند پرۆژەیەک لە سێکتەرەکانی رێگەوبان و ئاو و کارەبا بە گوژمەی نزیکەی پێنج ملیار دینار جێبەجێ کراون.
بەگوتەی قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، پرۆژەکانی رێگەوبان کە جێبەجێیانکردوون بریتین لە: پرۆژەی رێگەی پیران- مێرگەسۆر بە درێژی 9 کیلۆمەتر و بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار دینار جێبەجێکراوە و زیاتر لە 90٪ی کارەکانی تەواو کراوە و تەنیا شۆڵدەر و هێڵکاری ماوە. هەروەها رێگەی گوندی بابکە بەگوژمەی 700 ملیۆن دینار جێبەجێکراوە.
غەفوور ئەحمەد دەڵێت، مێرگەسۆریش بەدەر نییە لەکێشەی کەمئاوی بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، بۆ ئەم ساڵ پرۆژەی ئاوی چەند گوندێک جێبەجێکراون، لەوانە؛ پرۆژەی ئاویی گوندی کونەمار و دوو گوندی دیکە بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار دینار، کە ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردندان. پرۆژەی ئاوی گوندی رەسوو ئۆمەر و چوار گوندی دیکە لەسەر رووبار دروست دەکرێت و 80٪ی کارەکانی تەواو بووە کە بودجەکەی یەک ملیار دینارە.
پڕۆژەی ئاوی بارزان، پرۆژەیەکی ستراتیژی گەورەیە و لەساڵی 2013 بە گوژمەی زیاتر لە 115 ملیۆن دۆلار بەردی بناخەی دانرا. پرۆژەکە لە پێنج کۆگەی سەرەکی و 51 کۆگەی لاوەکیی ئاو پێکهاتووە، لەتوانایدایە لەهەر کاژێرێکدا هەزار و 200 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە 31 هەزار دانیشتووی سنوورەکە دابینبکات.
قایمقامی قەزای مێرگەسۆر دەڵێت، پرۆژەی ئاوی بارزان کە ئاو بۆ 51 گوندی دەڤەرەکە دابین دەکات بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرا، ئێستا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی داوە لەسەر دەستپێکردنەوەی پرۆژەکە و نزیکەی 85٪ی کارەکانی تەواو بووە. بەتەواوبوونی پرۆژەکە کێشەی ئاوی 51 گوندی دەڤەری بارزان چارەسەر دەبێت و هەموو هەوڵێکیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی مانگی ئابی 2024 ئەو پرۆژەیە تەواو بکرێت و بخرێتە کار.
لەبارەی پرۆژەکانیان لە سێکتەری کارەبا، غەفوور ئەحمەد گوتی، چەند پرۆژەیەکی بچووکی کارەبا وەکو دانانی گۆڕەری کارەبا (محاویلە) و گۆڕینی تۆڕی نێو گوندەکان جێبەجێکراون، هەروەها پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبای سۆلار پەناڵ لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێکراوە کە نزیکەی یەک مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.
رۆژی 10ی ئایاری 2023، دەروازەی سنووری زێت کە دەکەوێتە سنووری قەزای مێرگەسۆر لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و باکووری کوردستان کرایەوە.
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی مێرگەسۆر دەڵێت، دەروازەکە تائێستا بۆ هاتووچۆی گەشتیارییە و رۆژانە نزیکەی 2300 کەس هاتووچۆ دەکەن، "ئێستا ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین رێگەی دەروازەکە قیرتاو بکەین و لە دیوی تورکیاش خەریکن. لەدوای چاککردنی رێگەکە و دروستکردنی کەمپی دەروازەکە، پێدەچێت ئاڵوگۆڕی بازرگانیش دەستپێبکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ