شەڕ لە غەززەیە و "یەک لەسەر چواری ھێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان"ـن
رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی زیاتر لە 40 رۆژی رابردوودا گرووپە چەکدارەکانى عێراق یەک لەسەر چواری هێرشەکانیان بە ئاراستەى هەرێمى کوردستان بووە، ئەوە بە گوێرەی راگەیێندراوی خۆیان. بۆردوومانکردنى بنکەیەکى حەشدی شەعبی لە بابل لەلایەن ئەمریکاوە، بە گوتەى توێژەرێکى پەیمانگەیەکی ئەمریکى بۆ رووداو، پەیامێک بووە و هیچ کام لەو دوو لایەنەش بەرژەوەندیان لە تێکچوونى دۆخەکەدا نییە.
"لێمان بدەن، لێتان دەدەین"
بەرەبەیانى رۆژی 22ـی تشرینى دووەم، ئەوە لە عێراق روویدا کە هەمووان هۆشدارییان لەبارەیەوە دەدا؛ کە بۆردوومانکردنى بارەگاى هێزێکى حەشدى شەعبی بوو لەلایەن سوپاى ئەمریکاوە لە ناحیەى جورف سەخرى پارێزگای بابل.
حەشدی شەعبی وێنەى هەشت لە چەکدارەکانى بڵاوکردەوە و گوتى، لە جورف سەخر کوژراون کە گوایە سەر بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرەی حەشدی شەعبی بوون.
کاوە حەسەن، توێژەر لەبارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە سەنتەری ستیمسنی ئەمریکی لە میانی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق ئاماژەى بەوەدا؛ ئەستەمە پێشبینی رووداوەکان بکرێت و گوتیشی، ئەو هێرشەى ئەمریکا، پەیامێک بوو بۆ گرووپە شیعەکان کە ئەگەر بەردەوام بن لە هێرشەکانیان، ئەوانیش وەڵامدانەوەیان دەبێت و ئەو پەیامەش گەیشتووە.
کاوە حەسەن گوتیشى، "حکومەتى عێراق کۆنترۆڵی بەسەر ئەو گرووپە چەکدارانەدا نییە و ئەمریکاش ئەو راستیە دەزانێت.حکومەتى محەممەد شیاع سوودانیش لە دۆخێکى هەستیاردایە، نایەوێت ئەو هێرشانە بکرێن و ناشتوانێت رێگرییان لێ بکات".
بەگوتەى ئەو توێژەرە، تاوەکو ئێستا بەرەنگاربوونەوەکە لەنێوان ئەو دوو لایەنە لە چوارچێوەیەکى کۆنترۆڵکراودایە و هیچ کامیشیان بەرژەوەندییان لە خراپبوونی دۆخەکەدا نییە.
"هەرێمى کوردستان ئامانجى یەک لەسەر چواری هێرشەکان بووە"
لە 18-10-2023ـەوە تاوەکو 23-11-2023 بەشێک لە گرووپە چەکدارە شيعەکانى نزیک لە ئێران کە ناوى خۆيان ناوە موقاوەمەى ئیسلامیى عێراق، بەرپرسیاریێتى خۆیان لە 67 هێرش راگەیاندووە کە گوایە کردوونیانەتە سەر بنکەکانى ئەمریکا لە عێراق و سووریا؛ لەو 67 هێرشە 17ـیان بە درۆن یان مووشەک کراونەتە سەر بنکەى عەین ئەسەد لە پارێزگەى ئەنبارى رۆژئاواى عێراق.
بە گوێرەی ئەوانەی خۆیان بە موقاوەمەی عێراقی دەناسێنن، 16 هێرش لەو 67 هێرشە، کراونەتە سەر بنکەکانى هێزەکانى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان. ئەوانیش لە سنوورى پارێزگای هەولێر و بەدیاریکراوى فڕۆکەخانەى هەریر و بنکەى هێزەکانى ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر بوون.
ئەو 33 هێرشەى دیکە کە ماونەتەوە و ئەو گرووپە لەو ماوەیەدا بەرپرسیاریێتى ئەنجامدانیانی راگەیاندووە، بۆ سەر بنکەکانى هێزەکانى ئەمریکا بوون لە سووریا و رۆژئاواى کوردستان.
درۆنى هەرزان بۆ جەنگێکى قورس
بەشێک لەو ھێرشانەى گرووپە چەکدارە شیعەکان لە عێراق دەیانکەنە سەر بنکە سەربازییەکانى ئەمەریکا لە رێگەى درۆنەوە دەکرێن، کە دەتەقنەوە و ناگەڕێنەوە ئەو شوێنەى لێوەى ئاراستەکراون.
فەریقى خانەنشین سەروەر بەرزنجى، پسپۆرى سەربازى لەم پۆدکاستەى رووداوى عێراق ئاماژەى بەوەدا "هۆکاری بەکارهێنانى درۆن ئەوەیە؛ نرخى بەراورد بە فڕۆکە جەنگییەکان کەمە؛ بەکارهێنانى ئاسانە؛ ئامانجەکانى بە خێرایی دەپێکێت بێ ئەوەى بەرگریى ئاسمانى هەستى پێبکات."
سەروەر بەزرنجى کە پێشتر راوێژکارى سەرۆککۆمارى عێراق بوو بۆ کاروبارى ئاسایشى نیشتیمانى رایگەیاند، درۆن لەلایەن گرووپە شیعەکانەوە لە عێراق بەکاردەهێندرێت دژى بنکەکانى ئەمریکا و ئەو درۆنانە لە ئێران دەکڕن.
خەرجیى حەشدی شەعبی پێنج هێندەی دژەتیرۆرە
خەرجى دەستەى حەشدی شەعبی بە مووچە و پارەى پێداویستییەکانى دیکەى لە یاسایى بوجەى گشتی 2023ـدا 3.7 تریلیۆن دینارە کە دەکاتە رێژەی 1.8%ـی بودجەى عێراق؛ لەو پارەیە 3.5 تریلیۆن دینارى بۆ مووچە و خەرجییەکانییەتى، واتە زۆرترین پارەکەى بۆ چەکدارەکانییەتی.
خەرجى حەشدی شەعبی نزیکەى پێنج هێندەی دەزگاى دژەتیرۆرى عێراقە کە ئەو دەزگایە بودجەکەى نزیکەى 780 ملیار دینارە و سێیەکى پارەى وەزارەتى بەرگریشە کە 9.7 تریلیۆن دینارە.
لە بودجەى ساڵى 2021، خەرجى حەشدی شەعبی 3.2 تریلیۆن دینار بووە، واتا بەراورد بە بودجەى 2023، پێنج تریلیۆن دینار زیادیکردووە، ئەو زیادکردنە بۆ بەکاربردن بووە کە ئاماژەیە بۆ ئەوەى بە بەهاى پێنج ملیار دینار دامەزاندنى زیادیکردووە.