رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، ناسنامهی سێ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەی ئاشكراکرد کە لە ئەنجامی شهڕ و پێكدادان لەگەڵ سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندی راگەیاندن و چاپهمهنیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە دەڵێت، ئەو سێ گەریلایە لە ئاداری 2023 لە ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵدا گیانیان لەدەستداوە.
ناسنامەی گەریلاکان بەمشێوەیەیە؛ فاتیح بوڵوت ناسراو بە جوان وڵات و لەدایکبووی مێردینی باکووری کوردستان؛ رەمەزان بیلال ناسراو بە ئەندۆک عادل و لەدایکبووی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان؛ سەعید سۆنگول ئاڵپ ناسراو بە بۆتان راپەڕین و لەدایکبووی ئیستەنبووڵی تورکیا.
22ـی تشرینی دووەمی 2023، هەپەگە کوژرانی چوار سەربازی سوپای تورکیای لە ناوچەی ئاڤاشین لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند و گوتی، لە 48 کاژێردا 11 جار هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان.
رۆژی 24ـی مانگ، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنە جەنگییەکانی سەر بە فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەکان کاژێر 20:00، 17 پێگەی پەکەکەیان لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆردوومان کرد.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 756 گەریلا و کوژرانی 110 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 57 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 388 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ