رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق رایگەیاند، 'گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران'، لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستی کەرتی غەززە، ئەوانیش هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق راگرتووە.
رۆژی شەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2023، تۆماس سێیلەر، نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند، ئەوان وەکو یەکێتیی ئەوروپا، پێشوازی لە ئاگربەستەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەکەن و هیواشی خواست ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە.
تۆماس سێیلەر، هەروەها نووسیویەتی، "بە گەشبینییەوە تێبینی ئەوەمان کردووە گرووپە عێراقییەکانیش هێرشەکانیان راگرتووە. هیوادارین ئەمەش ئاماژە بێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئاگربەستەی لەوەوپێش لە عێراق هەبوو."
نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا لە بەغدا، ئاماژە بەوەش دەکات، وڵاتانی ئەوروپا پابەندن بەوەی پەیوەندییەکی بەرهەمداریان لەگەڵ عێراق و گەلەکەی هەبێت و ئەوەش ئامانجە سیاسییەکانیانە.
لە دوای جەنگی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، گرووپە چەکدارە شیعەکان کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە، بە دەیان هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا "پێنتاگۆن"، لە 17ـی تشرینی یەکەمی رابردووەوە، ئەو گرووپە چەکدارانە، 73 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا و نزیکەی 70 سەربازیشیان لەو هێرشانەدا بە سووکی بریندار بوون.
رۆژی شەممە، 25ـى تشرینى دووەمى 2023، ئەبوو حوسێن حەمیداوى، ئەمیندارى گشتیى کەتیبەکانی حیزبوڵڵاى عێراقى لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، تاوەکو کۆتایی ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانى فەلەستین، هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا لە ناوچەکە کەمدەکەنەوە و لە دژى ئیسرائیلیش رایدەگرن.
هەر رۆژی شەممە، لە دوای ئازادکردنی یەکەم کاروانی بارمتەکان لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە، جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە راگەیێندراوێکدا، پێشوازی لەو ئاگربەستە چوار رۆژییە کرد و راشیگەیاند هیواخوازن ئەمە یەکەم هەنگاو بێت بۆ کۆتایی هێنان بە خوێنڕشتن و وێرانکارییەکان.
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لە دوو رۆژی یەکەمی ئاگربەستدا، حەماس 41 بارمتەی ئازاد کردووە. لە بەرامبەردا ئیسرائیل 39 زیندانی فەلەستینی ئازاد کردووە. هەروەها رێگەشیداوە هاوکاری مرۆیی و پێداویستییە سەرەتاییەکان لە رێگەی بارهەڵگرەوە بگەنە دەست دانیشتووانی غەززە، کە زیاتر لە 50 رۆژە ئابڵوقەی خۆراک و بڕینی کارەبا و ئاویان لەلایەن ئیسرائیلەوە لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ