رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت، شەوی رابردوو بە دوو مووشەک هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سنووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2022، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی، شەوی رابردوو "کاژێر 10:31 بەکاتی نێوخۆ [هەمان کاتی هەولێر] دوو مووشەک هێزەکانی هاوپەیمانانی لە بنکەی شەدادی لە سووریا کردە ئامانج".
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەو بنکەیەی کراوەتە ئامانج بنکەیەکی راهێنان بووە؛ دەشڵێت هێرشەکە هیچ زیانێکی نەبووە.
سێنتکۆم دەشڵێت، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە چوونەتە شوینی هەڵدانی مووشەکەکان و "مووشەکی سێیەمیان بە نەتەقێندراوی دۆزیوەتەوە"، بەڵام ئاماژەی بە شوێنی تەقاندنی مووشەکەکان نەکردووە.
جۆ بوچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لەبارەی هێرشەکەوە دەڵێت:"هێرشی لەمجۆرە مەترسی دەخاتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان و خەڵکی سڤیل و ئاسایش و ئەو سەقامگیرییەی سووریا و ناوچەکەش کە بە زەحمەت بەدیهێندراوە، دەخاتە مەترسییەوە".
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە.
رۆژی سێشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2022، فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رایگەیاند:" بە درۆن هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکی هاوبەشی هەسەدە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە باکووری پارێزگای حەسەکە"؛ گوتیشی ئەو بنکەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دژی داعش بەکاردەهێندرا.
فەرهاد شامی ئاماژەی بەوەکرد، دوو ئەندامی هێزەکانی دژە تیرۆری سەر بە هەسەدە لە ئەنجامی هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2022، تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی چنگ - شمشێر راگەیاند و هێرشێکی بەرفراوانیی ئاسمانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەستپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ