دانیشتووانی کۆمەڵگەی چڕە لە پارێزگای دهۆک داوای خزمەتگوزاری دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە دانیشتووانی کۆمەڵگەی چڕە لە سنووری قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک نیگەرانن لە رەوشی خزمەتگوزاریی کۆمەڵگەکەیان و دەڵێن، نزیکەی 25 ساڵە لەو دۆخەدان و کەمترین خزمەتگوزاری بۆ سنوورەکەیان کراوە. بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆکیش دەڵێت، لە نزیکترین کاتدا چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێشکێشی کۆمەڵگەکە دەکەن.
 
بەشێک لە شەقام و کۆڵانەکانی کۆمەڵگەکە تاوەکو ئیستا قیرتاو نەکراون، هاوکات ئاوەڕۆی بەشێکی کۆڵانەکانیش نەکراوە، ئەوەش بووەتە هۆی بێزارکردنی دانیشتووانی ئەو کۆڵانانە.
 
نایف ئەحمەد، دانیشتوویەکی کۆمەڵگەی چڕەیە و دەڵێت، "بووینەتە سینەما و دۆخەکە خراپە. منداڵەکانمان ناتوانن بێنە پێش دەرگە لەبەر بۆنی ناخۆش بە تایبەت هاوینان. هەمووجار پێمان دەڵێن ئەمساڵ، سبەی و ساڵێکی دیکە، ئەو رۆژە لیژنە هاتووە و گوتیان سبەی چاکی دەکەین و گرێدەر دێت، بەڵام هیچیان نەکرد و هەمووی بووەتە قوڕ و لیتە."
 
کۆمەڵگەی چڕە دەکەوێتە سەر شەقامی سەرەکیی نێوان هەولێر - دهۆک و رێگەی دووساید بەنێو کۆمەڵگەکەدا دەڕوات، بەڵام تاوەکو ئێستا نە پردی پەڕینەوە و نە رووناکی بۆ نەکراوە، ئەوەش مەترسییەکی دیکەی لەسەر ژیانی دانیشتووانی سنوورەکە و قوتابییەکانیش دروستکردووە.
 
رەشاد عەبدولحەمید، دانیشتوویەکی دیکەی سنوورەکەیە و باس لەوە دەکات، "ئەمە پارکی کۆمەڵگەی چڕەیە کە خۆتان دەیبینن، 3-4 قوتابخانە لەسەر ئەم شەقامەیە و پردی پەڕینەوەیان نییە. چەند قوتابییەک لێرە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون و پێویستمان بە پردێکی پەڕينەوەیە. دوای ئەوە یەک گڵۆپمان لەسەر شەقام نییە. ئەمەش پارکەکەمانە، سەیرکە بزانە ئەو پارکە لە هیچ شوێنێکی دیکە هەیە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی قەسرۆک دەڵێت، لە نزیکترین کاتدا ئەوەی پێویست بێت بۆ کۆمەڵگەی چڕە دەکرێت.
 
مەهرام لوقمان نێروەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک دەڵێت، "ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ کە پێویستیی رۆژانەی خەڵکن ئەنجام دەدرێن. لە قۆناخی یەکەمدا دروستکردنی پردێکی پەڕینەوە لەنێو کۆمەڵگەی چڕە، هەروەها لە قۆناخی دووەمدا پردێکی دیکە دروست دەکرێت. ئاوەڕۆی سندووقی و پارکێکی گەورەش دروست دەکرێن. لە هەمووی گرنگتر یاریگایەکی 11 یاریزانی لە چڕە دروست دەکرێت و زەویشی بۆ تەرخان کراوە و رەزامەندی لەسەر دراوە، پشتیوان بەخوا لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ دەکرێن."
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی قەسرۆک، کۆمەڵگەی چڕە لە سێ هەزار خێزان پێکدێت و نزیکەی 15 هەزار کەس لەو کۆمەڵگەیە دەژین.