بۆردوومانی تورکیا ژیانی خەڵکی لە کۆبانێ و قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان سەختکردووە


رووداو دیجیتاڵ

ئامینە، ژنێکی کوردی دانیشتووی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانە؛ ئەو لە مەترسیی داگیرکاری و تۆپبارانی سوپای تورکیا، ماڵی گواستووەتەوە.
 
ئامینە یوسف، دانیشتووی کۆبانێ دەڵێت، "نازانم تورک چی لە ئێمە دەوێت؟ زەوی ئێمەی دەوێت، موڵکی ئێمەی دەوێت؟ چی دەوێت نازانم. ئێمە هەژارین، نە کورسیمان هەیە و نە هیچ".
 
لە 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە، تورکیا دەستی بە بۆردوومانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا کردووە. ئەو هێرشانە ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو شاری کۆبانێ کە سیمبوولی سەرکەوتنی کوردە بەسەر داعشدا، دروستکردووە. هاووڵاتیانیش داوادەکەن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی تورکیا بێدەنگ نەبن.
 
ساڵح عەبدۆ، دانیشتووی کۆبانێ باسی لەوە کرد، "ئێمە لە جیاتی هەموو دەوڵەتەکانی دیکە جەنگی داعشمان لە کۆبانێ کرد. کەچی ئێستا هەموویان چاوی خۆیان لە ئاست کۆبانێ داخستووە".
 
نەبۆ جومعە، دانیشتوویەکی دیکەی کۆبانێیە و ئاماژە بەوە دەکات، "وەک دەزانیت کۆبانێ سیمبوولی کوردانە. کۆبانێ داعشی تێکشکاند، بۆیە ئەویش [رەجەب تەیب ئەردۆغان] دەیەوێت کۆبانێ تێکبشکێنێت."
 
لە شاری قامیشلۆی هاوسنووری تورکیا لە رۆژئاوای کوردستانیش، دانیشتوانەکەی دەڵێن، مەترسیی هێرش و بۆردوومانی تورکیا لە ژیانی ئاسایی هەڵیبڕیون.
 
جەبار خەلتۆ، دانیشتووی قامیشلۆ گوتی، "من خەڵکی سەرێ کانیم، لە 2019 بەجێم هێشت دوای هێرشی تورکیا لەسەرمان. چووینە عەفرین چووینە کۆبانێ، ئێستا بەس قامیشلۆمان ماوە، ئەگەر ئێرەش نەمێنێت، بەرەو کوێ بچین؟ داوا لە دەوڵەتان دەکەین ئەم هێرشە لەسەرمان لابەرن".
 
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، تاوەکو ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان 67 کەس گیانیان لەدەستداوە کە لەنێویاندا شەڕڤان، ئاسایش و سەربازی حکومەتی سووریایان تێدایە و زۆربەشیان هاووڵاتیی سڤیلن.