رووداو دیجیتاڵ
مەسعود قەرەخانی، ئەندامی پەرلەمانی نەرویج لە پارتی سۆشیال دیموکراتی کرێکار رۆژی پێنجشەممە بە کۆی دەنگی پەرلەمانتاران وەکو سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا.
قەرەخانی لە ساڵی 2017ـەوە ئەندامی پەرلەمانە و جێگەی ئاوا کریستین هانسن، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی نەرویجی گرتەوە، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لەژێر گوشاری رای گشتی بە گومانی بەکارهێنانی نایاسایی ئاپاڕتمانێکی پەرلەمان لە ئۆسلۆ ناچارکرا دەستلەکاربکێشێتەوە.
ئەو سیاسەتڤانە بەشی رادیۆلۆژی تەواوکردووە و پێش ئەوەی ببێتە پەرلەمانتار، لە بەشی رادیۆلۆژی نەخۆشخانەکان کاری کردووە. ئەو لە خێزانێکی خەڵکی پیرانشارە لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان. ساڵی 1982 لە تاران لە دایکبووە و ساڵی 1987 کۆچیکردووە بۆ نەرویج و لەوێ وڵاتینامەی نەرویجی پێدراوە.
مەسعود قەرەخانی دوای هەڵبژاردنی وەکو سەرۆکی پەرلەمانی نەرویج لە پەیامێکدا لە فەیسبووک ستایشی دیموکراسی لەو وڵاتەی کرد کە رێگەیداوە کەسێکی پەنابەر ببێت بە سەرۆکی پەرلەمان.
قەرەخانی دەشڵێت: لەگەڵ دایک و باوکی دوای شۆڕشێکی ناسەرکەوتوو و شەڕ ئێرانی جێهێشتووە، دوای گەشتێکی دوور و درێژ بێ ئەوەی یەک دۆلاریان لە گیرفاندا بێت، خۆیان گەیاندووەتە نەرویج. قەرەخانی دەڵێت، دایک و باوکی سەرەتا بە کۆکردنەوەی شیلک دەستیان بەکارکردووە و ئێستا دایکی ئەزموونی 25 ساڵ مامۆستایەتی هەیە و باوکیشی بەرپرسێکی شارەوانییە.
دوای پاشای وڵات، سەرۆکی پەرلەمان لە نەرویج دووەم دەسەڵاتداری باڵای وڵاتە. مەسعود قەرەخانی دەڵێت، وەکو سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ هەموو پەرلەمانتاران و حکومەت کار دەکات تاوەکو متمانەی گشتیی خەڵک بۆ دەسەڵات زیاتر بگەڕێنێتەوە. دەشڵێت، ئەوە کارێکی ئاستەمە، بەڵام پێویستە بیکەن بۆ ئەوەی دیموکراسی نەرویج بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ