بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی دوو هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمناهێندرێت

رووداو - هەولێر

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، بازاڕی ئامێرە گەرمکەرەوە کارەباییەکان گەرمتر بوون. وەزارەتی کارەباش دەڵێت، بەهۆی گرفتی کەمی سووتەمەنی زستانی ئەمساڵ کارەبا لە ساڵانی دیکە باشتر نابێت.

خاوەن کۆگایەکی هیتەر و سوپای کارەبایی لە هەولێر دەڵێت، لە کۆگاکەیەوە رۆژانە دوو تاوەکو هەشت هەزار سۆپا و ئامێری گەرمکەرەوە دەخرێنە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە، تەنیا ئەو کۆمپانیایە ساڵانە نزیکەی 350 هەزار ئامێری گەرمکەرەوە دەفرۆشێت.

گرانبوونی نرخی نەوتی سپی و قەیرانی دارایی بەتەواوی بازاڕی ئامێرە گەرمکەرەوە کارەباییەکانی گەرمکردووە و باری سەرشانی وەزارەتی کارەباشی قورستر کردووە. 

قەیرانی دارای و نەبوونی سووتەمەنی پێویست بۆ وێستگەکان، بەرهەمی کارەبای لە سێ هەزار مێگاواتەوە بۆ دوو هەزار و 500 مێگاوات دابەزاندووە. ئەوەش لەکاتێکدایە پێویستی هەرێمی کوردستان بۆ کارەبا پێنج هەزار مێگاواتە.

ئێستا بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە هەشت یەکەی بەرهەم هێنانی کارەبا لە دهۆک، دوو یەکە لە هەولێر، شەش یەکەش لە سلێمانی و بازیان لەکار وەستاون.

ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی ناوەندی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت "بەداخەوە هیچ بڕە پارەیەک نییە  بۆ خستنەگەڕی ئەو وێستگانەی بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە وەستاون، کە بەو هۆیەوە نزیکەی دوو هەزار مێگاوات کارەبامان لە دەرەوەی کار و بەکارهێنانە".

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن. ئەو هاوبەشانە پێویستیان بە زیاتر لە پێنج هەزار مێگاوات کارەبا هەیە بۆ ئەوەی 24 کاژێر کارەبایان هەبێت، ئێستا بەتێکڕا رۆژانە هەشت تاوەکو 10  کاژێر کارەبا دەدرێتە ماڵان.

داڕشتنەوە: حەکیم داود