هەشت جووتیاری کورد لە حەفتەغار لەسەر زەویوزاری خۆیان دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە ئاوایی مەنسور لە حەفتەغاری باشووری داقووق، هەشت جووتیاری کورد کە سەرقاڵی دروێنەی کونجی بوون، لەلایەن هەواڵگریی سوپای عێراق دەستگیرکران.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو؛ جووتیارە دەستگیرکراوەکان ناویان؛ یوسف رەزا، خەلیل جەلال، وەرزێر عومەر، ملکۆ کەریم، رێبوار سەباح، محەممەد سەباح، عومەر یوسف و ئەرکان عەلی بابا ـیە.
جووتیارەکان ئێستا لە بنکەی پۆلیسی داقووق راگیراون.
یوسف رەزا یەکێک لە دەستگیرکراوەکان بە رووداوی گوت ئەوان وەک رۆژانی ئاسایی چوونەتە سەر زەویوزارەکانیان و کاریان کردووە، "کەچی لەسەر سکاڵای عەرەبە هاوردەکان کە هاتوونەتە سەر ناوچەکەمان و دەستیان بەسەر بەشێک لە زەوییەکانمان دا گرتووە، دەستگیرکراوین."
یوسف رەزا گوتیشی "ئەو عەرەبە هاوردانە چاوساخییان بۆ هەواڵگریی سوپای عێراق کردووە و بە تۆمەتی ئەوەی کارمان لەسەر زەویی کێشەلەسەر کردووە، هێزێک هاتنە سەرمان و دەستبەسەریان کردووین."
بەگوتەی ئەو جووتیارە کوردە، هێزەکە سووکایەتی پێکردوون و "بە تووندی مامەڵەیان لەگەڵ کردووین، تاوەکو دواتر بەدەست بەستراوی خراینە پشت ئۆتۆمبێلەوە و رادەستی پۆلیس کراین، ئێستاش لەبنکەی پۆلیسی داقووق دەستبەسەرین."
ئەو جووتیارانە چاوەڕوانی فەرمانی دادوەر دەکەن بۆ ئەوەی چارەنووسیان یەکلایی بکاتەوە.