مەترسییەکانی سەرژمێری؛ دەیان خێزانی عەرەب لە گەڕەکەکانی کەرکووک نیشتەجێ دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
خەلیل دوای ئاوارەبوونی بەهۆی شەڕی داعشەوە، ماوەی حەوت ساڵ بوو لەگەڵ خێزانەکەیدا لە کەرکووک دەژیان، بەڵام ساڵی رابردوو بار و بارگەی پێچایەوە و گەڕابووەوە بۆ گوندەکەی خۆیان لە نزیک حەویجە. ئێستا کە پرۆسەی سەرژمێرییە، جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە نێو شارەکە.
خەلیل خەڵەف باوکی 12 منداڵە، لە گەڕەکی کوردستان لە کەرکووک خانووی بە کرێ گرتووە، بەو ئامانجەی لە سەرژمێریدا هەر لەو گەڕەکە ناوی تۆمار بکرێت. دەڵێت، "لە کاتی ئاوارەبوون لە کەرکووک نیشتەجێبووین، خانووم کڕیبوو، فرۆشتمەوە، ئێستا گەڕاومەتەوە و تێیدا نیشتەجێم بەکرێ، مانگی 150 هەزاری کرێ دەدەم، ئێمە دوو خێزانین و 15 کەسین."
لە گەڕەکی کوردستان کە هەر بەناوەکەیدا دیارە کوردییە، تادێ رێژەی کورد کەم دەبێتەوە و عەرەب زیاد دەکات. زۆرینەی ئەوانەی خانوو بەکرێ دەگرن یان دەکڕن، لە پارێزگاکانی دیکەوە چوون و ناویان لە قۆناخی گەمارۆسازی و ژمارەلێدانی سەرژمێرییەکەدا تۆمارکردووە.
عیماد شکور، پێشنوێژ و گوتارخوێنە لە گەڕەکەکە، دەڵێت: "ئەم کۆڵانە کە نزیکەی 20 ماڵە، زیاتر لە نیوەی بووەتە عەرەب. لە شارەکانی دیکە پەیتا پەیتا دێن لێرە ناویان دەنووسن."
ئەوەی پێشتر لە کەرکووک پێیان دەگوترا ئاوارەی شەڕی داعش، لە سەردەمی راکان جبووریدا بە نووسراوی فەرمی کراونەتە دانیشتووی کەرکووک. بەپێی ئامارێک کە دەست رووداو کەوتووە، زیاتر لە 40 هەزار منداڵی ئاوارەی پارێزگاکانی دیکە هەبوون، قوتابخانەکانیان داخرا و خرانە بەر خوێندن وەک منداڵێکی دانیشتووی کەرکووک.
پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکە و پێی گوتم، کۆمەڵێک قوتابخانەی تایبەت بە ئاوارەکان هەبوون، بەڵام وشەی ئاوارەیان لە پاڵدا لابردن. دەڵێن هەر تاکێکی عێراقی مافی خوێندنی هەیە. "کەواتە ئەمان لە پرۆسەی سەرژمێریشدا وەکو کەرکووکی ناویان تۆمار دەکرێت."
پارێزگاری کەرکووک وێڕای ئەوەی نیگەرانی و ترسی خۆی لە پرسی سەرژمێری ناشارێتەوە، بەڵام دڵنیایی دەدا هەر کەسێک ئەگەر لە کەرکووکیش تۆمار کرابێت، بەڵام بەپێی کارتی نیشتمانی خەڵکی کەرکووک نەبێت، سەرژمێرییەکەی لەدوای سەرژمێریی گشتی ئاراستەی پارێزگاکەی خۆی دەکرێتەوە.
زیاتر لە 98%ـی قۆناخی گەمارۆسازی و ژمارەلێدان لە کەرکووک تەواوبووە، دوایین وادەی ئەو قۆناخەش کۆتایی ئەم مانگەیە.