گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێرەوە ئاسایی بوونەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

گەشتە ئاسمانییەکان لە هەردوو فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێرەوە ئاسایی بوونەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ بڕیاری وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکە بە رووی فڕۆکەدا، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریش ئاسایی بوونەوە". 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییش ئاسایی بوونەتەوە.
 
کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ شەممە، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە رووداوی گوت، "ئاسمانی عێراق بە رووی فڕۆکەدا بۆ ئەنجامدانی گەشتی ئاسمانی کرایەوە". 
 
بەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکانی لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان بۆ کاتێکی نادیار راگرتووە.
 
رەزاق محێبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق گوتی، گەشتی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق بەشێوەیەکی کاتی راگیران، ئەوەش لەپێناو سەلامەتیی گەشتیاران لەو پێشهاتە ئەمنییانەی لە ناوچەکەدا روودەدەن.
 
ئەم بڕیارەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران و چەند ناوچەیەکی دیکە لە ئێران و سووریا هات.