هەناردەی دەروازەی کێلێ نزیکدەبێتەوە لە 100 ملیۆن دۆلار

 
هەولێر دیجیتاڵ

بەپێی ئاماری گومرگی سەردەشت، لە شەش مانگدا لە دەروازەی سنووریی کێلێی سەردەشت، بە بەهای زیاتر لە 94 ملیۆن دۆلار کاڵا هەناردە کراوە. بەڕێوەبەری گومرکی سەردەشتیش دەڵێت، بەراورد بە ساڵی پار هەناردەکردن لە دەروازەکە 80% زیادی کردووە.
 
مەجید غوڵامنەژاد، بەڕێوەبەری گومرگی سەردەشت رایگەیاند، لە شەش مانگی رابردوودا 274 هەزار و 100 تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە 94 ملیۆن و 353 هەزار دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووریی کێلێی شاری سەردەشتەوە هەناردە کراوە، کە لەڕووی نرخەوە بەراورد بە ساڵی رابردوو 80% زیادی کردووە.
 
مەجید غوڵامنەژاد گوتی، رۆژانە زیاتر لە 180 بارهەڵگر کەلوپەل دەگوازنەوە دەروازەی سنووریی کێلێ، کە هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
 
بە گوتەی مەجید غوڵامنەژاد، زۆرترینی ئەو کەلوپەلانەی کە لە رێگەی دەروازەی سنووریی کێلێوە هەناردە دەکرێن، بریتین لە کاشی، سیرامیک، ئاسن، شیش، بەرهەمە پلاستیکییەکان و سەوزە و میوە.
 
بەڕێوەبەری گومرگی سەردەشت هەروەها ئاماری ترانزێتی کەلوپەلی لە رێگەی دەروازەکە ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئەمساڵ بە بەهای 35 ملیۆن و 362 هەزار دۆلار کەلوپەل لەو دەروازە سنوورییەوە ترانزێت کراوە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 68% زیاترە.
 
باسی ئاماری هاوردەکردنیشی کرد و گوتی، لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا 388 تۆن کەلوپەل بە بەهای یەک ملیۆن و 618 هەزار دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووریی کێلێ هاوردەی ئێران کراوە، کە زیاتر کەلوپەلی ناوماڵن.
 
بە گوتەی غوڵامنەژاد، ئێستا رۆژانە زیاتر لە دوو هەزار کەس لەو دەروازە سنوورییەدا کار دەکەن.