بەرپرسیار؛ لە دهۆک 54 هەزار دۆلاری خێزانێک دەبردرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

خێزانێک لە دهۆک بەمەبەستی چوون بۆ ئەوروپا خانووەکەیان بە تەواوی کەلوپەلی نێوماڵ دەفرۆشن و پارەکە رادەستی دوو کەس دەکەن کە یەکێکیان پارێزەرە. دڵخواز شەوکەوت کە هاوژینەکەی نەخۆشی دەروونی هەیە و دایکی چوار منداڵە، دەڵێت: سکاڵام لەسەر پارێزەرەکە تۆمارکردووە. سەندیکای پارێزەرانیش دەڵێت، ئەگەر تۆمەتەکە لەسەر پارێزەرەکە ساخبێتەوە، ئەوا بە تەواوی لە کاری پارێزەری دووردەخرێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 25-10-2023، دڵخواز شەوکەت، سکاڵاکار، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشی دەکات گوتی: "لەگەڵ قاچاخچی رێککەوتین، گوتی لە ئوردن ڤیزەی بۆسنە وەردەگرم و پاسپۆرتەکانم بۆ بنێرن، ئێمەش بۆمان نارد، گوتی برۆن لە نووسینگەی پارێزەرێک دایبنێن کە ناونیشانی بۆ ناردین، لەگەڵ کەسێکی دیکە کە نێوەندکار بوو، پارەکەمان 54 هەزار دۆلار بوو (5 دەفتەر و 40 وەرەقە). گوتی لە بۆسنە بە ئۆتۆمبێل دەتانگەیێنمە ئەڵمانیا و تاوەکو دەگەن ئینجا پارەکە رادەست بکەن. دوای دانانی پارەکە لە نووسینگەی پارێزەرەکە و تێپەڕبوونی تەنیا یەک رۆژ، قاچاخچی تەلەفۆنی کرد و گوتی: بڕۆن بگەنە پارەکەتان.
 
هەشت ئەندامی ئەو خێزانە، ئێستا بێماڵن و پارەکەشیان نەماوە. بە تۆمەتی بردنی پارەکە، دڵخواز شەوکەت سکاڵای لەسەر پارێزەرەکە تۆمارکردووە.
 
 
ئەو پارێزەرەی بە بردنی پارەکە تۆمەتبار دەکرێت، رەتیکردەوە لە بەرنامەی بەرپرسیار قسە بکات، بەڵام گوتی: "ئەوەی لەسەر من دەگوترێت راست نییە. من هیچ پەیوەندییەکم بەو مامەڵەیە نەبووە و کەسیشیان ناناسم، ئەوە یەکەمجارە ئەو کەسانە ببینم، ئەوان هاتنە نووسینگەکەم و پارەکەیان بە نێوەندکارەکە داو هەر لەگەڵ نێوەندکارەکەش رۆیشتن."
 
نێوەندکارێکی مامەڵەکە کە تۆمەتبار دەکرێت بە بردنی بەشێکی پارەکە، لە بەرنامەی بەرپرسیار، گوتی: "من دەڵاڵم، قاچاخچییەک تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی بڕۆ بۆ فڵان نووسینگەی پارێزەر و پارەکە رادەستی بکەن، پارێزەرەکە پارەکەی وەرگرت و پسوولەی پارە وەرگرتنی پێدان، شایەتی بۆ ئەوەش دەدەم. قاچاخچی 25 وەرەقەی بۆ من دانابوو. پارێزەر تەلەفۆنی بۆکردم و گوتی وەرە دەفتەرێک دۆلار ببە واتە من 125 وەرەقەم وەرگرت، بەڵام دواتر 92 وەرەقەم بۆ ئەو خێزانە گەڕاندەوە، پارەکەی ماوە لای پارێزەرەکەیە".
 
 
بە گوتەی دڵخواز شەوکەت، پارەکە لە نووسینگەی پارێزەرەکە رادەستکراوە؛ "ڤیدیۆ و بەڵگەمان لایە و پارەکەمان رادەستی پارێزەرەکە و نێوەندکارەکە کرد. قاچاخچییەکەمان لە رێگەی هاوڕێیەکمان لە ئەڵمانیا ناسی، قاچاخچی گوتی لە ئوردن ڤیزاتان بۆ وەردەگرم، ئێستا پاسپۆرتەکانیشمان لە ئوردن حجز کراوە و بۆمان ناگەڕێننەوە. هاوژینەکەم خانەنشینی پێشمەرگەیە و نەخۆشیی دەروونی هەیە، گوتمان دەچینە ئەوروپا بۆ ئەوەی چارەسەریی هاوژینەکەم بکرێت". 
 
وەک دڵخواز شەوکەت دەڵێت، لەنێوان پارێزەرەکە و نێوەندکارەکە پارەکە نەماوە و "یەکدی تۆمەتبار دەکەن".
 
ئارام گەردی، گوتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا رەزامەندیی سەندیکا وەرنەگیراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەیسە.
 
 
ئارام گەردی، دەڵێت: "قاچاخچێتی تاوانە. بەڵام تاوەکو تۆمەتەکە لەسەر پارێزەرەکە ساخ نەبێتەوە، بێتاوانە. ئەو خێزانە هەر بەڵگەیەکیان هەیە لە پەڕاوەکەیان دەبەسترێت. نێوەندکارەکە دانی بە بەشداربوون لە تاوانەکە نا و پێشنیاز دەکەین ئەو خێزانە سکاڵا لەسەر نێوەندکارەکە و قاچاخچییەکەش تۆماربکەن، گەڕاندنەوەی هەموو پارەکە، بێتاوانبوونی ئەو کەسانە ناسەلمێندرێت. تاوەکو ئێستا رەزامەندیی سەندیکا بۆ لێکۆڵینەوە لەو پارێزەرە وەرنەگیراوە. ئەگەر حوکمێکی بنبڕ لەسەر ئەو پارێزەرە لەلایەن دادگەوە دەربچێت و تۆمەتەکەی لەسەر ساخبێتەوە، ئەوا بە یەکجاری لە کاری پارێزەرێتی دووردەخرێتەوە."