رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی کەڵەکن لە سلێمانی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دژی لێسەندنەوەی خانووە بێتاپۆکانیان و قەرەبووکردنەوەیان بە زەوی دەردەبڕن. سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان دەڵێت، "بە بڕیارێک لە لیژنەی باڵاوە بە کۆنوسێکی جیا زەوییەکەیان بۆ دیاریدەکرێت."
ئەنوەر عەلی، دانیشتوویەکی گەڕەکی کەڵەکنە و دەڵێت: "داوا لە سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەم خانووەکانمان بۆ تاپۆ بکات، چونکە ئەوەی لێرەیە هەموو خەڵکی هەژار و داماو و بێهاوژینن."
عەلی محەممەد، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکی کەڵەکنە و باس لەوە دەکات، "ئەگەر زەوییەکانمان بۆ نەخۆشخانە یان شەقام یان زانکۆ یان هەر خزمەتگوزارییەک بێت ئێمە رێگری ناکەین، بەڵام زەوییەکانمان بۆ کۆمپانیایە و دەکرێت بە شووقە."
نزیکەی 850 خانووی بێ تاپۆی بێ خزمەتگوزارین، کە نزیکەی 20 ساڵە بەهەژاری تێیدا نیشتەجێن.
رەئوف ئیسماعیل، دانیشتووی گەڕەکی کەڵەکن دەڵێت، "زەوییەکەم بە 35 هەزار دۆلار کڕیوە دواتریش 20 هەزار دۆلارم بۆ دروستکردنی خانووەکە خەرجکردووە، واتە بەکۆی گشتی 55 هەزار دۆلار، ئێستا ناتوانین لەسەر زەوییەکی دیکە خانوو دروستبکەینەوە، مەگەر بچینە خانووی کرێوە، کرێکەشمان پێنادرێت."
هەژار ساڵح، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "کەسێکی وا لەم گەڕەکەدا نییە خۆی بتوانێت خانوو دروستبکاتەوە، هەمووی یان ماڵی باوکی یان ماڵی خەزووری یان کەسوکار هاوکارییان کردووە و خانوویان دروستکردووە، من خۆم ئەهلی مزگەوت هاوکارییان کردووە کە خانوو دروستبکەم، بۆیە جارێکی دیکە ناتوانم خانوو دروستبکەمەوە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو گەڕەکە دراوە بە دوو کۆمپانیا بۆئەوەی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی لەسەر بونیادبنرێت، لەبەرامبەردا قەرەبووی خاوەن خانووەکان دەکرێتەوە بە پێدانی پارچە زەوییەک.
دیلمان لەتیف، سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان دەڵێت، "بە بڕیارێک لە لیژنەی باڵاوە بە کۆنوسێکی جیا زەوییەکەیان بۆ دیاریدەکرێت، بەپێی یاساکەش دەبێت تاوەکو 9-9-2024 بڕیارەکە جێبەجێبکرێت.
قەرەبووکردنەوەی دانیشتووانی ئەم گەڕەکە هەژارنشینە، لەچوارچێوەی یاسایەکی پەرلەمانی کوردستانە بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ