دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 لە عێراق تەواو بوو و هێشتا 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە

 
رووداو - بەغدا

حکومەتی عێراق کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 هێنا، هێشتا 700 ملیارە قەرزەکەی نەخستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ رزگاربوون لە دواکەوتنی مووچە، سەرقاڵی جیاکردنەوەی مووچەی مووچەخۆرانن لە خەرجییەکانی دیکە، بەڵام هێشتا رێکارەکان کۆتاییان نەهاتووە.
 
مستەفا گرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "رێککەوتن کراوە لەسەر ئامادەکردنی داتا و زانیارییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دواتر بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەنێردرێت، بۆئەوەی هاوکاری بکرێن بە شێوەیەکی راستەوخۆ و دوور لە بودجەی گشتی، واتە ئەو بەشە پارەیە جیابکرێتەوە، دواتر ئەو پارانەی کە ماوە حکومەت تەواوی بکات، ئێستا خەریکی ئامادەکاریی داتا و زانیارییەکانن بە هاوئاهەنگیی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بۆ زانینی ژمارەی راستەقینەی فەرامانبەران و پلەکانیان و پارەی دیاریکراو بۆیان."
 
یەکێک لە چارەسەریەکانی کێشەی پشکی هەرێمی کوردستان، هەمواری یاسای بودجەی گشتییە، شیعەکان بە مەرج لەگەڵیدان و سووننەکانیش پشتگیری لە جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران دەکەن.
 
رەعد دەهلەکی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی دەڵێت، "هەر هەنگاوێک بە ئاراستە مافی هاووڵاتییان بێت، ئێمە لەگەڵیداین، جا لە هەولێر بێت یان لە بەغدا، هەر هەنگاوێک دژی مافی هاووڵاتییانی عێراق لە هەر پێکهاتە و مەزهەب و نەتەوەیەک بێت، دژی دەبین؛ گرنگ ئەوەیە عێراقی بێت، بۆیە ئەوەی گرنگە، ئەوەیە کە ئێمە چارەسەری کێشەکان بکەین نەک بەدوای کێشەوە بین، هاووڵاتییانیش باجەکەی بدەن."
 
ئەگەر حکومەتی عێراق یاسای بودجە جێبەجێ بکات، دەبێت مانگانە بڕی 775 ملیار دینار تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
 
جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران، ئەگەر بکرێت، چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەیەکی درێژخایەن بێت، نازانرێت ئایا بەر لە کۆتاییهاتنی رێککەوتننامەی ئێستای نێوان هەولێر و بەغدا دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە یان نا، بەتایبەت کە پێویستی بە هەمواری یاسای بودجەی گشتییە.