سوپاسالاری پێشمەرگە: دەستی دەرەکی لەپشت رووداوەکەی مەخموور بوو

26-10-2023
پەیمان محەممەد
فەریق عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی فەرماندەی لیوای 18ی پیادەی پێشمەرگە
فەریق عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی فەرماندەی لیوای 18ی پیادەی پێشمەرگە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپاسالاری پێشمەرگە دەڵێت، دەستێکی دەرەکی لەپشت گرژییەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە چیای قەرەچووخ هەبووە، گوتیشی، "چاوەڕێ دەکەین بە زووترین کات دۆخی چیای قەرەچووخ و دەوروبەری ئاسایی ببێتەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە 26-10-2023 فەریق عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە لە پەراوێزی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ساڵح زراری، فەرماندەی لیوای 18ی پیادەی پێشمەرگە، کە یەکێک بوو لە بریندارەکانی ئەو شەڕەی رۆژی 22ی ئەم مانگە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق روویدا و بەیانیی ئەمڕۆ شەهید بوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هێشتا دۆخی چیای قەرەچووخ و دەوروبەر ئاسایی نەبووەتەوە، "بەڵام چاوەڕێ دەکەین بە زووترین کات بگاتەوە دۆخی ئاسایی خۆی."
 
عیسا عوزێر ئاماژەی بەوە کرد، "بەهۆی شەڕەکەوە 17 پێشمەرگە بریندار بوون، کە ئێستا دووانیان لە نەخۆشخانەن [دوو پێشمەرگەش شەهید بوونە]، سوپای عێراقیش دوو شەهید و هەشت برینداریان هەبووە."
 
بە گوتەی سوپاسالاری پێشمەرگە، هۆکاری دروستبوونی گرژییەکان بە پلەی یەک نەبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بووە، "هەروەها پەلەکردن لە گرتنی ئەم خاڵانە دەستێکی دەرەکیی تێدابووە، ئێستا سەرقاڵی ئەوەین کێشەکان چارەسەر بکەین."
 
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا لیژنەیەکى باڵاى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەى قەزاى مەخموور پێکبهێنرێت، فەریق عیسا عوزێر گوتی، کاری لیژنەکە کۆتاییهاتووە و چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکەن. باسی لەوەش کرد، لە وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە هیچ کەسێک لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ساڵح زراری ئامادە نەبووە و ئاگاداری پرسەکە نین.
 
22ی تشرینى یەکەمى 2023، پێکدادانى نێوان سوپاى عێراق و هێزەکانى پێشمەرگە لە نزیک کەمپى ئاوارەکانى مەخموور لە بناری چیای قەرەچووخ، لەسەر سێ خاڵى سەربازی روویدا، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتى کەمپەکە.
 
شەڕەکە لەکاتێکدابوو 19-10-2023 هێزەکانی فیرقەی 14ـی سوپای عێراق بەپێی رێککەوتنێک، چوار خاڵی سەربازیی چاودێرییان لەسەر چیای قەرەچووخ لە پەکەکە وەرگرتەوە، دواتر هێزێکی سوپای عێراق لە خاڵە سەربازییەکان جێگیرکران.
 
غازى فەیسەڵ، بەرپرسی پێشمەرگە خۆبەخشەکانى چیاى قەرەچووخ لە قەزاى مەخموور بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بەرپرسانى کەمپى مەخموور داوایان کردووە سوپاى عێراق لە ھێرشی تورکیا بۆ سەر ئەو کەمپە بیانپارێزێت، ئەوانیش داوایان کردووە ئەو سێ خاڵە سەربازییە رادەست بکەن بۆ ئەوەى بیانپارێزن، لەکاتێکدا ئەو سێ خاڵە بەگوێرەى رێککەوتنى ئەمنى نێوان پێشمەرگە و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى نەینەوا لە سنوورى دەسەڵاتى پێشمەرگەدایە، بۆیە پێشمەرگە ویستوویەتی بەدەستى بهێنێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەسروڵڵا رەشنوودی، سەرکۆنسوڵی ئێران لە هەولێر

کۆنسووڵخانەی ئێران لە هەولێر: 20 هاووڵاتیمان لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان ئازاد کران

سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر دەڵێت، دوای هەوڵ و بەدواداچوونیان و رەزامەندیی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، 20 زیندانیکراوی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان ئازاد کران. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان دەڵێت، 13یان حوکم درابوون