فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە دەڤەری بەرواری باڵا بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە دەڤەری بەرواری باڵا بەڕێوەدەچێت، بەرهەمە خۆماڵییەکان و هەندێک کەلوپەلی دیکە لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکیی تێیدا بەڕێوەدەچن.
فێستیڤاڵەکە بە بەشداریی جووتیارانی باشوور، باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت. زۆربەی بەرهەمەکان کە خرانەڕوو سێون چونکە دەڤەری بەرواری بە سێو بەنێوبانگە.
عومەر موستەفا، جووتیارە و لەبارەی بەرهەمی سێوەوە دەڵێت، "ئەم سێوە، کاتی خۆی مەزهەر مایی، خوا لێی خۆشبێ لە گوندی مایێی چاند و دواتر هەموو ناوچەکەی گرتەوە. ئەوەش خێر و بێری بۆ ناوچەکە هێنا، سێوەکە لە کەشی سارددا پێدەگات و ئەوەندەی کەشەکە ساردتر بێت، سێوەکە باشتر پێدەگات."
فێستیڤاڵەکە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و بێجگە لە بەرهەمی سێو؛ هەنار، ترێ و هەنگوینیش بەیەخیان پێدەدرێت.
عوبەید راڤینی، جووتیارە و دەڵێت، "بۆ ئێمە زۆر باشە کە ئەم فێستیڤاڵە دەکرێت. لە دەڤەرەکەمان سێو بەنێوبانگە، دواتر ئەگەر ترێش هەناردە بکرێت هێشتا باشترە. ئەگەر ساڵانە ئەم چالاکییانە هەبن، خەڵکیش زیاتر روو لە کشتووکاڵ دەکەن."
بڕگەی هوونەری لەنێو فێستیڤاڵەکەدا پێشکێشکران، ئەوەش زیاتر سەرنجی خەڵکی رادەکێشێک بۆ ئەوەی بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا بکەن.
ئەڤین زەکی، بەشداربوویەکی فێستیڤاڵەکەیە و دەڵێت، "ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە وێناکردنێکی دیکە لەنێو نەوەی نوێدا دروست دەکەن، ئەوەش گرنگیی خواردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان، ئەو بەرهەمانەی باوباپیرانمان لەسەریان ژیاون. پێموایە ئێستا هەموومان روو دەکەینەوە خواردن و میوە کواردەوارییەکان."