هێزە ئەمنییەکانی ئێران رێگەی هاتووچۆیان بۆ سەر گۆڕی ژینا ئەمینی داخست


رووداو دیجیتاڵ 

لە چلەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیدا، دەیان هاونیشتمانیی شاری سەقز خۆیان گەیاندە گۆڕستانی ئایچی. لە هەندێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەشێک لە دووکان و بازاڕەکان داخراون. 
 
بەپێی زانیارییەکان و ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی بڵاوبوونەتەوە، دەیان کەس لە هاونیشتمانیانی خەڵکی سەقز ئەمڕۆ 26-10-2022 بەپێ چوونە گۆڕستانی ئایچی کە مانگی رابردوو تەرمەکەی تێیدا بەخاک سپێردرا. 
 
بەپێی هەواڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، حکومەت رێگە سەرەکییەکانی گۆڕستانی ئایچی داخستووە بۆ ئەوەی خەڵک لە گۆڕستانی ئایچی کۆنەبنەوە. خەڵک لە گۆڕستانی ئایچی و لەسەر گڵکۆی ژینا ئەمینی ژمارەیەک درووشم دەڵێنەوە، وەک "کوردستان؛ گۆڕستانی فاشتیستان"؛ "هەتا کوردێک بمێنێ، کوردستانیش دەمێنێ"؛ "ژن، ژیان، ئازادی"؛ "کۆماری ئیسلامیمان ناوێت." 
 
هاوکات، لە شارەکانی سەقز، سنە، کامێران، بۆکان، مەهاباد، مەریوان، جوانڕۆ و بانە بەشێک لە دووکان و بازاڕەکان داخراون. 
 
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا کە زمانحاڵی فەرمی حکومەتی ئێرانە، شەوی رابردوو لەسەر زاری خێزانی ژینا ئەمینییەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە گوایە لە چلەی ژینادا رێوڕەسمیان نابێت، بەڵام بنەماڵەی ژینا ئەمینی رەتیان کردووەتەوە راگەیێندراوی لەو جۆرەیان هەبووبێت.
 
هاوکات لە چلەی ژینا ئەمینیدا، پارێزگاری سنە شەوی رابردوو رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە سەرجەم زانکۆ و قوتابخانەکان لەبەر تەشەنەسەندنی ئەنفلەوەنزا پشوو دەبن.
 
ژینا ئەمینی مانگی رابردوو لە تاران لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە دەستبەسەر کرا و باری تەندروستی لە بنکەی پۆلیس تێکچوو. ئەو سێ رۆژ دواتر و لە رۆژی 17-09-2022 لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەستدا.
 
خێزانەکەی دەڵێن، پۆلیس لە کاتی دەستگیرکردنیدا لێی داوە و بەوهۆیەوە گیانی لە دەستداوە. دادپزیشکی ئێران لە راپۆرتێکدا ئەوەی رەتکردەوە و گوتی: بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستداوە. 
 
لە بەرامبەردا، دکتور مێهران فەرەیدوونی، پسپۆڕی دادپزیشکی شیراز، دوو رۆژ لەمەوبەر لە کاتی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکاندا گوتی: "ئەوەی وەک هۆکاری مەرگی ژینا ئەمینی راگەیێندرا لەلایەن پزیشکەکانی دادوەرییەوە بەهیچ شێوەیەک پەسند ناکرێت."